رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز: دەولەتی کوردستان و دەولەتی عێراق نزیکن لە گەیشتن بەڕێککەوتن لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووك.
رۆژنامەکە دەڵێت "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی نەوتی ئێرانی لە بازاڕەکاندا، فشاری خستووەتە سەر بەغدا بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ هەولێر و هەناردەکردنی 200 بۆ 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لەڕێگەی بۆڕی کوردستانەوە کە 70%ـی لەلایەن کۆمپانیای رووسنەفتەوە خاوەنداریەتی دەکرێت".
فاینانشیاڵ تایمز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگاداری نێو کۆبوونەوەکان ئاشكرای كردووە "تا کۆتایی ئەم مانگە هەولێر و بەغدا لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی کەرکووك رێکدەکەون".
لەلایەکی دیکەوە، مارتن وار، کۆنسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر لە تویتێکدا نووسیویەتی "لە چەند مانگی رابردوودا لەندەن، بەغدا و هەولێری لەسەر گەیشتن بە رێککەوتن هاندەدا و لە ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتن، کاریگەری لەسەر داهاتووی پەیوەندییەکانی هەردوولا دەبێت".
K24
