فازیل بەشارەتی: ٢١ کورسییەکەی یەکێتی بەشی ئەو پۆستانە ناکا کە داوای دەکات
فازیل بەشارەتی، ئەندامی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی، ڕاگەیاند: پارتی دیموکراتی کوردستان براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بووە، جگە لە پارتی، ھیچ حزبێکی دیکە ناتوانێ باسی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکات“.
ئەوەشی ڕوون کردەوە، پێشتر یەکێتی و لایەنە سیاسییەکانی دیکە، قەیرانی دارایی و تەواوی قەیرانەکانی دیکەیان خستە ئەستۆی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڵام ”ئێستا ھەموو لایەنێکی سیاسی باش دەزانێت، پارتی زۆرینەی دەنگەکانی خەڵکی کوردستانی بەدەست ھێناوە و پشکی شێری ئەم حکوومەتە بەر پارتی دەکەوێت، بۆیە بەبێ پارتی حکوومەت پێک ناھێنرێت“.
فازل بەشارەتی نەیشاردەوە، یەکێتی لەم ھەڵبژاردنەدا کە ٢١ کورسی ھێناوە، ”بێگومان ناتوانێت داوای پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، یان چەند وەزارەتێکی دیکەش داوا بکات، چونکە تازە حکوومەتی بنکەفراوان نەماوە و ئەمجارە بەپێی حەجم و قورسایی مامەڵە لەگەڵ پارت و لایەنە سیاسییەکاندا دەکرێت، بۆیە ئەو ٢١ کورسییەی یەکێتی بەشی ئەو ھەموو پۆستە ناکات“.
ئەندامەکەی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان جەختی کردەوە، یەکێتی وەکوو لایەنێکی سیاسی، مافی خۆیەتی داکۆکی لە کورسییەکانی خۆی بکات، بەڵام ”ویستەکانی ئەوان شتێک و ڕێژەی کورسییەکانی ئێستای یەکێتی لە حکوومەت شتێکی دیکەن، بۆیە یەکێتی چانسی ئەوەی ھەیە کە لایەنی کەمتر بەشداری لە حکوومەتدا دەکات، چونکە ئەگەر لایەنی زیاتر بەشداری حکوومەت بکات، یەکێتی پۆستی زۆر کەمتر وەردەگرێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە ھەموو لایەنە سیاسییەکان قەرەبووی ئەو چوار ساڵەی ڕابردوو بکەنەوە و لە نیوەی ڕێگەدا حکوومەت جێنەهێڵن“.
باسنیوز
