پزیشکانی ددان داوایەکی بەپەلە ئاڕاستەی حکومەتی ھەرێم دەکەن

پزیشکانی ددان داوایەکی بەپەلە ئاڕاستەی حکومەتی ھەرێم دەکەن
ئێوارەی ئەمڕۆ ھەینی سەندیکای پزیشکانی ددانی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا پەیامێکیان ئاڕاستەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی و خوێندنی باڵا کرد، تیایدا داوای دامەزراندن و ڕێگریکردن لە کردنەوەی بەشی پزیشکی ددان لە زانکۆ ئەھلیەکاندا كرد.


دکتۆر سەنگەر سەرچڵ سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای پزیشکانی ددانی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند "ئەو پزیشکانەی لە ساڵانی ڕابردوودا بەشێوەی خۆبەخش کاریان کردووە، پێویستە ماوەی خۆبەخشەکەیان بەڕاژە ھەژمار بکرێ و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەلی دامەزراندن بۆ خۆبەخشەکان بڕەخسێنێ".


هەروەها گوتی "ئەرکی وەزارەتی تەندروستیە ھەوڵەکانی خۆی چڕ بکاتەوە، بۆ ئەوەی لە کابینەی پێنجەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کاری جیدی بکات بۆ دامەزراندنی دەرچووانی پزیشکی ددان، چونکە ئێستە داھاتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان زیادی کردووە و بەشێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا ئاسایی بووەتەوە".


لەلایەکی دیکەوە پاڤەند سلێمان نوێنەری خوێندکارانی ناڕازی لە بەشی پزیشکی ددان ئاماژەی بەوەدا كە پێویستە وەزارەتی خوێندنی باڵا رێگری بكات لە کردنەوەی بەشی پزیشکی ددان لە زانکۆ ئەھلییەکاندا بۆ ئەوەی ئاستی کوالێتی بەشی ددان دانەبەزێت.


نوێنەری خوێندکارانی ناڕازی کۆلێژی پزیشکی ددان ئەوەشی ئاشکرا کرد "بەداخەوە ھەست دەکەین گرنگی زیاتر بەبەشی پزیشکی ددان لە زانکۆ ئەھلییەکان دەدرێت، بەجۆرێک ئەو بەشە لە زانکۆ حکومیەکان پشتگوێ خراوە، چونکە بۆ ساڵی خوێندنی 2018 بۆ 2019 لە بەشی پزیشکی ددان لە زانکۆی سلێمانی، 87 خوێندکار وەرگیراون، بەڵام لە زانکۆیەکی ئەھلی زیاتر لە 100 خوێندکار وەرگیراوە، بێگومان ئەوەش کارێکی ھەڵەیە و ناکرێ گرنگی بەدامەزراندنی خوێندکارانی زانکۆی ئەھلی بدرێت".
bas news -
Top