گۆڕان: میدیاکانی سەر بە لاھوور جەنگی ھەواڵی ناڕاست بڵاو دەکەنەوە
پاش ئەوەی میدیاکانی سەر بە لاهوور جەنگی دەنگۆی کۆبوونەوەی نهێنیی نێوان گۆڕان و پارتییان لەبارەی پێکهێنانی حکوومەت بڵاو کردەوە. ھێمن شێخانی، بەرپرسی مەکۆی ھەولێر و ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان ڕایگەیاند، ئەو دەنگۆیانە ناڕاستن و ”ھیچ دانیشتنێکی نھێنی و ژێربەژێرمان لەگەڵ پارتی و لایەنی دیکە نەکردووە و نیمانە، ئەگەر بمانەوێ لەگەڵ پارتیش دانیشتن بکەین، ئەوا دادەنیشین و بڕیاری خۆمان دەدەین، چونکە ستراتیژی گۆڕان دیارە".
جەختیشی لەوە کردەوە کە گۆڕان ترسی لەوە نییە هیچ لایەنێک لێی تووڕە و نیگەران بێت و بۆ بەشداریکردنیش لە حکوومەت، لە ئایندەیەکی نزیکدا بڕیاری خۆیان دەدەن.
بە بڕوای ئەندامەکەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان، یەکێتی کار بۆ ئەوە دەکات، پەیوەندیی نێوان گۆڕان و لایەنەکانی دیکە، بەتایبەتیش پەیوەندیی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی تێکبدات. گوتیشی: ”بەشێک لەو ڕۆژنامانەی کار بۆ یەکێتی و کار بۆ لاھوور جەنگی دەکەن، پێموایە زۆربەی ھەواڵەکانیان ناڕاستن و نادروستن".
باسنیوز
