نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ژماره‌ی قوربانیانی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان به‌ده‌یان هه‌زار مه‌زه‌نده‌ ده‌كات

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ژماره‌ی قوربانیانی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان به‌ده‌یان هه‌زار مه‌زه‌نده‌ ده‌كات
به‌گوێره‌ی دوایین راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەو ناوچانەی عێراق کە پێشتر لە لایەن رێکخراوی تیرۆریستیی داعشەوە داگیركرابوون، 202 گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ دۆزراونەتەوە. كه‌زۆربه‌یان ده‌كه‌ونه‌ پارێزگاكانی موسڵ و كه‌ركوك، مه‌زه‌نده‌ش ده‌كرێت نزیكه‌ی 12 دوانزه‌ هه‌ز‌ار روفات له‌ناو گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كاندابن. به‌ڵام تائێستا هیچ زانیارییه‌كی ورد و باوه‌ڕپێكراو له‌باره‌ی ناسنامه‌ی قوربانیه‌كان له‌به‌رده‌ست نییه‌.

هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ یاسین كه‌ریم، به‌رێوه‌به‌ری گشتی په‌یمانگای دادوه‌ری پزیشكی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، پێویسته‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی زیاتر بكرێت و ئه‌و له‌و باوه‌ڕه‌دایه‌،‌ ژماره‌ی گۆڕه‌به‌كۆمه‌ڵه‌كان و قوربانیه‌كان له‌وه‌ زیاترن كه‌باس ده‌كرێت.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌ فه‌رمییه‌كان ئه‌و گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵانه‌ش كه‌ له‌ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداری هه‌رێم و پارێزگای موسڵ دۆزراونه‌ته‌وه‌، به‌شی زۆری قوربانیه‌كان كوردانی ئێزیدین، به‌ڵام تائێستا نه‌توانراوه‌ ناسنامه‌كانیان ساغ بكرێته‌وه‌.

بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، خورشید خرواتانی، پزیشكی توێژه‌ری گۆڕه‌به‌كۆمه‌ڵه‌كان ده‌ڵێت، بۆ ناسینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی روفاته‌كان پێویسته‌ پشكنینی "DNA" و ئێسك و ددانه‌كانیشیان بۆ دیاریكردنی ته‌مه‌نیان بكرێت.

له‌ماوه‌ی نێوان ساڵانی 2014 تا 2017 داعش رووبه‌رێكی فراوانی له‌ عێراق داگیر كردبوو، به‌گوێره‌ی دوایین راپۆرتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش داعش له‌و ناوچانه‌ تاوانی جه‌نگی و كۆمه‌ڵكوژی ئه‌نجامداوه‌ و روفاتی قوربانیه‌كانیشی له‌ گۆڕی به‌كۆمه‌ڵدا حه‌شارداوه،‌ كه‌ به‌ده‌یان هه‌زار قوربانی مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێن، به‌ڵام تائێستا نه‌ حكومه‌تی عێراق و نه‌هیچ لاینێكی دیكه‌ به‌ بیانووی جۆراوجۆر كاریان له‌سه‌ر ناسینه‌وه‌ی روفاته‌كان و ژماره‌ی راسته‌قینه‌ی قوربانیه‌كان نه‌كردووه‌.
k24-
Top