وەزارەتی ناوخۆ: ھەر پاڵاوگەیەكی نایاسایی دانەخرێت، خاوەنەكەی دەدرێتە دادگا

وەزارەتی ناوخۆ: ھەر پاڵاوگەیەكی نایاسایی دانەخرێت، خاوەنەكەی دەدرێتە دادگا
بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی ناوخۆ گوتی، لە ھەرێمی كوردستاندا ١٦٤ پاڵاوگەی نایاسایی ھەن و، سەرجەمیشیان ئاگادار كراونەتەوە كە لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا پێویستە دابخرێن، بۆیە ھەر پاڵاوگەیەكی نایاسایی دانەخرێت، ھێزێك لە وەزارەتی ناوخۆ رەوانە دەكرێت و دایدەخات و خاوەنەكەیشی دەدرێتە دادگا.

ئەنجوومەنی باڵای نەوت و غاز لە ئەنجوومەنی وەزیران، فەرمانێكی دەركردووە بۆ داخستنی سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەكان و بۆ ئەو مەبەستەیش لیژنەیەكی پێك ھێناوە، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی ھەرێم و سەۆكی ئەو لیژنەیە، د. سامی جەلال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دوای دەرچوونی بڕیارەكەی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەكانمان ئاگادار كردوونەتەوە كە ژمارەیان ١٦٤ پاڵاوگەیە لە ھەرسێ پارێزگاكانی ھەرێمدا، بەوەی كە پێویستە لە ماوەی ٦٠ ڕۆژدا سەرجەمیان دابخرێن و شوێنەكەیشیان خاوێن بكەنەوە، ئەگەر دایشیاننەخست، بە زەبری ھێز لای دەبەین و دواتریش خاوەنەكانیان دادگایی دەكرێن".

د. سامی گوتیشی: "ئەم جارە لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە فەرمانی داخستنی ئەو پاڵاوگە نایاساییانە دەرچووە و ھیچ دەرفەتێكی تێدا نییە و پێویستە دایبخەن، بۆیە ھەر پاڵاوگەیەك داواكاری پێشكەش بكات بۆ ئەوەی بەیاساییشی بكات، ئێمە رەتی دەكەینەوە و پێویستە دابخرێن، چونكە ئەمە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیرانە و پێویستە سەرجەمیان دابخرێن".
kdp-
Top