نایف سەیدۆ: ئاوارەكان لە دۆخێكی سەختدان.. حكوومەتی عێراق ئاگای لە بارودۆخیان نییە

	 نایف سەیدۆ: ئاوارەكان لە دۆخێكی سەختدان.. حكوومەتی عێراق ئاگای لە بارودۆخیان نییە
لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرمادا، ئاوارەكانی چیای شنگال لە دۆخ و ژیانێكی سەختدان و، بەڕێوەبەری شارەدێی سنوونێیش دەڵێت، حكوومەتی عێراق نەك هەر هاوكارییان ناكات، بەڵكوو ئاگایشی لە بارودۆخیان نییە.

دوای ٣ـی ئابی ٢٠١٤، ژمارەیەكی زۆر لە ئاوارە ئێزدییەكان چوونەتە چیای شنگال و لە كەمپی سەردەشتێ نیشتەجێ بوون. لەو بارەیەیشەوە، نایف سەیدۆ، بەڕێوەبەری شارەدێی سنوونێ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرمادا، ئاوارەكانی سەر چیای شنگال ڕووبەڕووی زۆر كێشە بوونەتەوە و حكوومەتی عێراقیش ماوەی چوار ساڵە ئاگای لە بارودۆخیان نییە و هاوكارییان ناكات".

سەیدۆ جەخت دەكاتەوە، ئەو ئاوارانەی لەسەر چیای شنگالن، دوای نەمانی داعش لە ناوچەكەدا، لە ترسی حەشدی شەعبی ناوێرن بگەڕێنەوە ناو شار، چونكە ڕووبەڕووی پێشێلكاری دەبنەوە.

بەڕێوەبەری شارەدێی سنوونێ، گوتیشی: "ئەو ئاوارانە ئێستا لە دۆخ و ژیانێكی سەختدان و پێویستییان بە هاوكاریی بەپەلە هەیە، لە كاتێكدا دوای هاتنی حەشد بۆ ناوچەكە، ژمارەی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤیش لە دەڤەرەكە، لە كەمبوونەوەدایە".
kdp -
Top