ڤیان سەبری: فراکسیۆنە کوردەکان لەسەر دوو خاڵ کۆک بوون
د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ وەکو فراکسیۆنە کوردەکان لەگەڵ جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان دەربارەی پڕۆژەیاسای بوودجە کۆ بووینەوە، بە مەبەستی یەکخستنی بۆچوونی فراکسیۆنە کوردەکان لەسەر پشکی ھەرێم و داکۆکیکردن لە مافەکانی ھەرێم و ھەمووان لەسەر دوو خاڵ کۆک بوون، ئەوانیش حکوومەتی ھەرێم لەسەر ئاستی باڵا لیژنە دروست بکات و سەردانی بەغدا بکەن و ئێمەش وەکو فراکسیۆنەکان لەناو لیژنەی ھاوبەش کە لیژنەیەک لە نێوان دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن دروستکراوە و ئەندامی خۆمان ڕەوانە دەکەین لەو لیژنەیەدا بەشداری بکەن و لە چەند ڕۆژی داھاتوودا ھەرچیی داواکاری و تێبینمان ھەیە دەربارەی مافی ھەرێم، چونکە زۆر داواکاریمان ھەیە، وەکو زیادبوونی بوودجەی سیادی و پشکی ھەرێم و چەندین داواکاریی دیکە، بۆیە گرنگ ئەوەیە بە ھاوبەشی کار دەکەین بۆ پاراستنی مافی گەلی کورد بە شێوەی گفتوگۆ و یەکدەنگ دەبین لەسەر مافەکان."
د.ڤیان سەبری گوتیشی: "ھەوڵەکانی ئێمە بۆ پاراستنی مافی کورد لە بوودجەدا بەردەوام دەبێت و لە چەند ڕۆژی داھاتوودا ئەنجامی ھەوڵەکانمان دیار دەبێت."
سەبری باسی لەوەش کرد: "پێویستە شاندی ھەرێمی کوردستان بەردەوام سەردانی بەغدا بکەن بۆ ھەموو بوارەکان گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکەن، چونکە بەرنامەی حکوومەت بۆ ١٠٠ ڕۆژ دانراوە، بۆیە پێویستە لیژنە بەردەوام سەردانی بەغدا بکەن و شاندێکیش لەبارەی مووچەی کەسوکاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسی سەردانی بەغدای کردووە، بۆیە بۆ ھەموو پرسەکان پێویستە شاندی حکوومەت سەردانی بەغدا بکەن."
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی باسی لەوەش کرد: "ئێمە بە ھێزەوە بەشداری لیژنەکەی نێوان پەرلەمان و حکوومەت و لیژنەی دارایی دەکەین، بۆ ئەوەی داکۆکی لە مافەکانی گەلی کورد بکەین و بتوانین لە پڕۆژەیاسای بوودجەدا جێگیریان بکەین."
kdp -
