پارێزگاری هەولێر و نوێنەری سەرۆکی حکوومەت دەچنەوە بازاڕی لەنگە

 پارێزگاری هەولێر و نوێنەری سەرۆکی حکوومەت دەچنەوە بازاڕی لەنگە
نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە لە پرێس کۆنفرانسێکدا باسی لە کار و هەوڵەکانی حکوومەتی و دامودەزگا پەیوەندارەکان بۆ نۆژەنکردنەوەی و چاککردنەوەی دووکانی هاووڵاتیان لە بازاری لەنگە کرد.

پارێزگاری هەولێر ڕاشی گەیاند لەگەڵ نێچیرڤان ئەحمەد سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران سەردانی بازاڕ لەنگەیان کردووە و کارەکان زۆر باش بەڕێوە دەبرێت و بڕیارەکانمان بۆ کاسبکاران بە خێرایی جێبەجێ دەکرێت تاکوو خزمەتگوزارییەکانمان بگاتە ناو لەنگە.

نەوزاد هادی جەختیشی کردەوە لە عێراق بودجەیەک هەیە بەناوی زەرەرمەندان، دکتۆر بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەوڵی داوە و ئەمە لەسەر بەغدا دەمێنێتەوە و دکتۆر بەشیر بۆ خۆشی سەردانی لەنگە و ناوچەی زەرەرەکانی لافاوەکانی کردووە و تا ئێستا تەنیا حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری لەسەر دەکات.

ئاماژەی بەوەش دا: "لای ئێمە گرنگە بە زوویی ئەو بازاڕە بکەوێتەوە سەر کاری خۆی و کرێچییەکان دەچنەوە شوێنی خۆیان، هەر خاوەن دووکانێک گرێبەستی لەگەڵ شارەوانی هەبێت و دووکانەکەی بەکرێ دابێت، ئەگەر دووکانەکەی لە کرێچییەکەی وەربگرێتەوە، ئەوا شارەوانیش گرێبەستەکەی هەڵدەوەشێنێتەوە، ئێمە دیراسەی هەموو ئەوانە دەکەین کە زەرەرمەند بوون لەم بابەتە"

هاوکات لەمبارەوە نێچیرڤان ئەحمەد سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "هەر ڕۆژی یەکەم نێچیرڤان بارزانی گرنگیی بەم بابەتی سووتانی لەنگە داوە و ئێمەی ڕاسپاردووە تاکوو لیژنەی پەیوەندیدار دروست کرا و ئێمە ڕۆژانە نێچیرڤان بارزانی لەم بابەتە ئاگادار دەکەینەوە و هاتنمان بۆ ئێرە لەسەر ئەو گرنگییەیە کە کاک نێچیرڤان بەم بابەتەی دەدات."

جەختیشی کردەوە: "لێژنەکان لێکۆڵینەوە لەسەر قەبارەی زیانەکان دەکەن و ڕاپۆرتەکانیان بۆ ئێمە بەرز دەکرێتەوە، دواتر ئێمە بڕیاری خۆمان دەدەین".











باسنيوز
Top