ئەبوبەکر کاروانی لەبارەی هەوڵێکی ئێران لە سلێمانی هۆشداری دەدات
لەبارەی زانیارییەکانی پەیوەست بە هاریکاریکردنی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی بەکارهێنانی سلێمانی وەک ناوەندێکی بازرگانی بۆ ڕزگاربوونی ئێران لە گەمارۆ ئابوورییەکەی ئەمریکا. ئەبوبەکر کاروانی، سایسەتمەدار و چاودێری سیاسی، ڕايگەیاند، پرسیارەکە ئەوەیە کە ئاخۆ ئێران چۆن سلێمانی دەکاتە ناوەندێکی بازرگانی؟ ئایا لە چوارچێوەی ڕووپۆشە یاساییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەشێوەیەکی یاسایی بەکاری دەھێنێت؟ ئایا ئێران کارگەکانی دەگوازێتەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و بەپلەی یەکەم لە شاری سلێمانی بەرھەمەکانی بەکاردەھێنێت؟ یاخود بەشێوەیەکی قاچاخ و لەدەرەوەی سزاکانی ئەمریکا ئەو کارە دەکات؟ بەڵام ”ھەرچۆنێک بێت، بێگومان دەرئەنجامی جیاوازی لێ دەکەوێتەوە“.
ئەوەشی نەشاردەوە کە ئەگەر ئێران بیەوێ تەحەدای ئەمریکا بکات، یان سلێمانی بکات بە ناوەندێکی بازرگانی لەم کاتەدا، ”بێگومان ئەوە بۆ سلێمانی و ھەرێمی کوردستان باش نابێت، بەڵام ئەگەر ئەو ھەوڵانە لەچوارچێوەی یاسا بەرکارەکانی ھەرێمی کوردستان جێ بکرێتەوە، بەوەڕ ناکەم زیانێکی ئەوتۆی ھەبێت“.
بە بڕوای ئەبوبەکر کاروانی، ئەگەر ئێران شاری سلێمانی بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەکاربھێنێت، ”پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەڵوێستی ھەبێت، چونکە ئاسان نییە شارێک بە تەنھا بڕیار بدات، بەڵام بەھۆکاری ئەوەی لە ھەرێمی کوردستاندا جۆرێک لە دابەشبوون ھەیە، بۆیە لە ھەموو حاڵەتێکدا دەبێ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئەو پرسە ھەڵوێستی ھەبێت“.
بەهۆی ئەوەی ئەمریکا گەمارۆیەکی گەورەی خستووەتە سەر ئێران و دۆخی وڵاتەکە خەریکە هاوشێوەی ساڵانی نۆوەدەکانی هەرێمی کوردستانی بەسەر دێت، ئێران هەوڵدەدات بەشێک لە مامەڵە بازرگانی و داراییەکانی خۆی بە هاوکاریی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بۆ شاری سلێمانی بگوازێتەوە. بەتایبەتیش لەم چوارچێوەیەدا کە پێشتر نازم دەباغ، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران کە لەسەر پشکی یەکێتی لەو پۆستەدایە و چاودێران دەڵێن بۆچوونەکانی زۆرتر بۆچوونی یەکێتین نەک حکوومەت ڕايگەیاندبوو کە ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا هاوکارێکی گەورەی هەرێمی کوردستان بووە، بۆیە ”پێویستە هەرێمی کوردستان ئەوەی لە توانایدا هەیە بۆ ئێران کەمتەرخەمی نەکات“.
باسنيوز
