عەبدولمەهدی دوو پرسی تایبەت بە کوردستان دەوروژێنێت
بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەکان، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، گەیشتن بە ”چارەسەرێکی بە ئینساف“ بۆ ماددەی 140ـی دەستووری عێراق و بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان پێویستە.
عادل عەبدولمەهدی هەروەها راگەیاندووە، ”بە دڵنیاییەوە“ ئەو دوو پرسە لە ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێ دەکرێن و لێژنەیەکیش بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بودجە، دەست بە گفتوگۆکانی دەکات لەگەڵ پەرلەمان.
ماددەی 140، ماددەیەکی دەستووری هەمیشەیی عێراق. تێیدا بڕیاری ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کەرکووک و هەموو ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دراوە، بەڵام حکوومەتەکانی عێراق لە دوای رووخانی رژێمی بەعسەوە تا ئێستا، خۆیان لە جێبەجێکردنی ئەو ماددەیە دەدزنەوە.
هەر بەپێی دەستوور، پشکی هەرێمی کوردستان لە داهات و بودجەی عێراق بریتییە لە %17، بەڵام حکوومەتەکانی عێراق بۆ گوشارخستنە سەر گەلی کوردستان و سەرکردایەتییەکەی، بەردەوام ئەو بڕە پێشێل دەکەن و زۆر کەمتر لەوەی دیاری کراوە، بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرن.
باسنیوز
