حەمید رەبەتكی: نێچیرڤان بارزانی رێنمایی بۆ خاڵە سنوورییەكان ناردووە ئاسانكاریی بۆ بازرگانان بكرێت

حەمید رەبەتكی: نێچیرڤان بارزانی رێنمایی بۆ خاڵە سنوورییەكان ناردووە ئاسانكاریی بۆ بازرگانان بكرێت
دوای ئەوەی ئەمساڵ رەوشی دارایی ھەرێمی كوردستان بەرەو پێشەوە گەشەی كرد و جووڵەی زیاتری پەیدا كرد، بازرگانان باوەڕیان وایە دوای پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، پڕۆژەی زیاتر دەخرێنە واری جێبەجێكردنەوە.

بەپێی ھەموو ئەو داتا و ئامارانەی لە كەرتە جیاوازەكان ھەن، ھەرێمی كوردستان توانیویەتی بەسەر قەیرانی داراییدا زاڵ بێت و ھەنگاو بەرەو دەرچوون لە قەیرانەكە بنێت. لەوبارەیەوە، حەمید رەبەتكی، بەرپرسی كەرتی پیشەسازی لە ژووری پیشەسازی و بازرگانیی دھۆك، ڕایگەیاند: "ئەمساڵ رەوشی ئابووریی ھەرێمی كوردستان بەراورد بە ساڵی رابردوو زۆر گەشەی كردووە، ئەوەش كاری كردووەتە سەر جووڵەی بازرگانی و گەشەكردنی ھەموو كەرتەكان، ئێمە پێشبینیی بەرەوپێشچوونی زیاتریش دەكەین".

ئەو بەرپرسەی بازرگانان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێت: "نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستان، رێنمایی و فەرمانی بۆ ھەموو خاڵە سنوورییەكان ناردووە و رایسپاردوون ئاسانكاریی زیاتر بۆ بازرگانان بكرێت، بێگومان ئەو پاڵپشتییەی سەرۆكوەزیرانی ھەرێمی كوردستانیش، دەبێتە ھۆكار تا جووڵەی بازرگانی زیاتر بكرێت، ئێمە نایشارینەوە پێشتر ھەندێ كێشەو ئاستەنگ لە خاڵە گومرگییەكان دروست كراون بۆ بازرگانان و كاریگەریی كردووەتە سەر رەوشی بازرگانی، بۆیە بە لابردنی ئاستەنگەكان و ئاسانكاری زیاتر، پێشبینیی شتی باشتر دەكەین".



رەبەتكی ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "بڕیارە كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش پێك بێت، چونكە رەوشی سیاسی، كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ھەموو كەرتەكان ھەیە، لەبەر ئەوە بە پێكھێنانی حكوومەتی نوێ، رەوشی بازرگانی گۆڕانكاری بە خۆیەوە دەبینێ، چونكە ئێمە باوەڕمان پێی ھەیە پڕۆژەی نوێ دەكرێنەوە و پارەی بەڵێندەرانیش وا خەرج دەكرێت، ئەوانە ھەنگاوی باشن بۆ ئاییندەی ھەرێمی كوردستان".

kdp-
Top