ئیبراھیم برۆ، داواكارییەكانی كوردی لە نێو دەستووری نوێی سووریادا ئاشكرا كرد
وڵاتانی زلھێز و ناوچەكە، گەییشتوونەتە ئەو باوەڕەی بەردەوامیی شەڕی سووریا تەنیا زیان بە ھاووڵاتیانی دەگەیەنێ و ھەموو ھەوڵەكان بەرەو چارەكردنی كێشەكان دەچن، نەك لەناوبردنی رژێمی ئێستای بەشار ئەسەد، خەریكە دانوستانی جیددییش لەسەر ئاییندەی سووریا دەست پێبكات و كوردیش لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتەدا ئامادەكاری بۆ قۆناغی داھاتوو دەكات.
یەكەم ھەنگاو بۆ چارەكردنی كێشەی سووریا، دانانی دەستوورێكی نوێیە كە مافی ھەموو ھێز و پێكھاتە جیاوازەكان لەخۆ بگرێت، لەو بارەیەوە، ئیبراھیم برۆ، ئەندامی كورد لە شاندی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لیژنەیەك بۆ نووسینەوەی دەستووری نوێی سووریا پێك ھاتووە و كوردیش تێیدا بەشدارە، بەڵام ھێشتا لیژنەكە دەستی بە كارەكانی نەكردووە، چونكە لە سێ لایەوە لیژنەی داڕشتنی دەستووری سووریا كار دەكات و ھەرسێ لایەنی رژێمی بەشار ئەسەد و ئۆپۆزسیۆن و نەتەوە یەكگرتووەكان تێیدا بەشدارن".
بەر لە چەند رۆژێك، لیژنەی داڕشتنی دەستووری نوێی سووریا سەردانی وڵاتی سعوودیای كرد بۆ ئەوەی ھەوڵ بدرێت لیژنەكە دەست بە كاری خۆی بكات، بەڵام ئیبراهیم برۆ نایشارێتەوە كە رژێم رێگرە لەو تیمەی نەتەوە یەكگرتووەكان كە بڕیارە لایەنێكی نووسینی دەستوورەكە بێت. ئەو دەڵێت: "بەداخەوە ئەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان دیاری كردووە، لەلایەن رژێمی بەشار ئەسەدەوە رەت دەكرێتەوە و قبووڵ ناكرێت، ھەتا لە ئەنجوومەنی ئاساییش ئەو پێشنیازانەی دایە وەلید موعەلیم بۆ ئەوەی چارە بكرێت، بەڵام وەزیرەكەی رژێم رەتی كردەوە".
برۆ روونی كردەوە: "كورد بەشدارە لە داڕشتنی دەستووری نوێی سووریادا و ئەنداممان ھەیە لە لیژنەی دەستووردا، كە تێیدا ھەریەك لە كامیران حاجۆ و حەواز سەعدوون ئەندامن، بەڵام ئێمە وەك پێكھاتەی كورد كە پێكھاتەیەكی سەرەكین لە وڵاتی سووریادا، رێككەوتنمان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سووریادا ھەیە بۆ ئەوەی مافەكانی گەلی كورد لە سووریای داھاتوودا گەرەنتی بكرێن".
ئیبراھیم برۆ، داواكارییەكانی كوردی ئاشكرا كرد لە نێو دەستووردا و گوتی: "ئەوەی تا ئێستا پێداگریمان لەسەر كردووە ئەوەیە، كە نابێت لە دەستووری نوێدا بە ھیچ شێوەیەك ناوی عەرەبی لەسەر سووریا بێت، ھەروەھا بەپێی رێككەوتنەكە داوامان كردووە سووریا وڵاتی كۆماری نەبێت، ددانپێدانانێكی زەڵال و بێ ھیچ پێچوپەنایەك بە مافە نەتەوەییەكانی گەلی كورددا بنێت، ئەو زوڵم و زۆرەی لەسەر میللەتی ئێمە هەیە، لاببرێت و سووریا بە تەواوی ببێتە دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و ھەرێمی كوردییشی تێدا جێ بكرێتەوە، بە بێ رەچاوكردنی مەرجەكانی كورد لە دەستووری نوێی سووریادا، ئێمە لەوە كەمتر ڕازی نابین و رێك كەوتووین و ھێزەكانی دیكەی ئۆپۆزسیۆنیش لەگەڵ ئەو داخوازیانەی ئێمەدان".
kdp-
