فرسەت سۆفی: زیاتر لە ٣٠ کەس بە تۆمەتی دەرمانی قاچاخ دەستگیر کراون

	 فرسەت سۆفی: زیاتر لە ٣٠ کەس بە تۆمەتی دەرمانی قاچاخ دەستگیر کراون
ئەندامێکی لیژنەی چاکسازی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، لە ماوەکانی ڕابردوودا لە چوارچێوەی چاکسازیی کەرتی دەرماندا زیاتر لە ٣٠ کەس دەستگیر کراون و دەشڵێ، سەرۆکی حکوومەت ھێزێکی ئەمنیی تایبەتی دابین کردووە بۆ پشتگیریی لیژنەی چاکسازی لە کەرتی دەرماندا.



دکتۆر فرسەت سۆفی، ئەندامی لیژنەی چاکسازیی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد: "ھەوڵەکان چڕ کراونەتەوە بۆ کۆتاییھێنان بە پرسی دەرمانی ساختە و قاچاخ لە ھەرێمی کوردستان و لیژنەی باڵا بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون پێک ھاتووە، بەتایبەتی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان ڕژدە لەسەر چاکسازی لە کەرتی دەرماندا، لەبەر ئەوەش، ئێمە وەک لیژنە کاری زۆر گەورەمان کردووە، لەوانەش داخستنی ژمارەک کۆگای دەرمانی قاچاخ و دەستبەسەرداگرتنی شوێنی نایاساییی دەرمان."




ئەندامەکەی لیژنەی چاکسازی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "لە چوارچێوەی چاکسازیی کەرتی دەرماندا تا ئێستا زیاتر لە ٣٠ کەس دەستگیر کراون، چەندین بڕیار لە سەرۆکایەتیی حکوومەت دەرچوونە و لیژنەی چاکسازی بەردەوامە لەسەر کارەکانی بۆ ئەوەی بتوانین بەتەواوی چاکسازی لە کەرتی دەرماندا بکەین، لەوانەش، خاڵەکانی پشکنین بە ڕووی ھێنانی دەرمانی قاچاخدا تۆند کراون و ڕێگە بە ھیچ کەسێک نادرێت دەرمانی قاچاخ و ساختە ھاوردەی ھەرێمی کوردستان بکات."



سۆفی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھاووڵاتیان زۆر ھاوکاریی لیژنەی چاکسازی دەکەن و بەردەوام لە لایەن ھاووڵاتیانەوە زانیاریمان بۆ دێت، ئەوەش وای کردووە لەسەر بنەمای ئەو زانیاریانە چەندین شوێنی قاچاخی دەرمان ھەر لە ناو ماڵی ھاووڵاتیاندا دەستیان بەسەردا بگیرێت."



دکتۆر فرسەت سۆفی ڕوونی کردەوە: "بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی ھێزێکی تایبەتی ئەمنیی تایبەت بە مەبەستی نەھێشتنی دەرمانی قاچاخ و ڕێگریکردن لە کارە نایاساییەکان دابین کراوە، نایشارینەوە ھەموو خەڵکێک لەناو پرسی دەرماندا ھەن، خەڵکی دەستڕۆیشتوو و بەرپرسیان تیدایە تا ھاووڵاتیی ئاسایی، چونکە کەرتی دەرمان بە ھۆی قازانجەکەیەوە ھەموو کەس مامەڵەی پێوە دەکات، بەڵام ئێمە چاو لە کەس داناخەین ئەگەر بێت و دەستی ھەبێت لە بابەتی دەرمانی قاچاخ و ساختەدا."
kdp-
Top