سەعدی پیرە: لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەی یەکەمی پارتی و یەکێتی دەکرێ
ئەمڕۆ سێشەممە 6/11/2018، سەعدی پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان بۆ میدیاکان ڕای گەیاند: "هەموو ئەو باس و خواسانەی لە ڕاگەیاندنەکان دەکرێ لەسەر بابەتی دوو جێگر و سێ جێگر و ئەوانە هەمووی نادرووستن، هیچ کۆبوونەوەیەک لە نێوان لایەنە سیاسییەکان نەکراوە کە باس لەسەر حکوومەت و پۆستەکان بکەن".
گوتیشی: "لە چەند ڕۆژی داهاتوو کۆبوونەوەی ژمارە یەک لە نێوان پارتی و یەکێتی دەبێت، ئەمە کۆبوونەوەی تاقیکردنەوەی یەکترە، کۆبوونەوەی کۆتایی نییە کە بڕیاری کۆتایی لێ بدرێ".
سەعدی پیرە، ڕوونیشی کردەوە، یەکێتی تەرەفی سەرەکی بۆ ئەوەی هاوپەیمانی لەگەڵ بکەین بۆ دامەزراندنی حکومەت پارتییە، ڕاستە لەسەر بابەتی سەرۆک کۆمار ناکۆکیی سیاسیمان هەبووە، بەڵام کەی پارتی و یەکێتی ڕای جیاوازیان نەبووە؟ خۆ ئێمە یەک حزب نین کە لە یەک نەغمە بخوێنین؟ بەڵکوو حزبی جیاجیاین و گۆشەنیگای جیاجیامان هەیە، دەتوانین لەسەر شێوەیەک لە شێوەکانی پێکەوە ئیشکردن ڕێک بکەوین".
گوتەبێژەکەی یەکێتی گوتیشی: "بابەتی عێراق هەیە، سەرۆک وەزیرانێک هەیە کە لە پەرلەماندا گرووپ و ئەندامی نییە، بەڵکوو کەسایەتییەکی سیاسیی ناسراوە و لە بنەماڵەیەکی سیاسیی ناسراوی عێراقە، پەیوەندییەکی توندوتۆڵی لە ڕابردوو و ئێستا لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبووە. ئەوکاتەی لە شاخ بووین و دۆستمان بە پەنجەی دەست دەژمێردرا، ئەو دۆستی کورد بووە".
جەختی لەوەشکردەوە، کە پارە و پوولی عێراق دەبێ لە پێناو دامەزراوە سەرەکییەکان دابنرێ تا مرۆڤی عێراقی پشت بە خۆی ببەستێ.
باسنیوز
