هێمن هەورامی بۆ لایەنەکان: پێشبینیی ئەوەمان لێ نەکەن زوڵم لە ٤٥ کورسییەکەمان بکەین
هێمن هەورامی، لە فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، لە پرێس کۆنفرانسێکدا پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە مێژووییەی لە هەموو لایەک کرد و ڕای گەیاند: ”بەناوی خۆم و سەرجەم ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی، جارێکیتر دەستخۆشی و سوپاسگوزاریی تەواوی خۆم ئاراستەی تەواوی ئۆرگان و ناوەند و ئەندامانی پارتی دەکەم کە بە ڕابەرایەتیی سەرۆک بارزانی، توانییان سەرکەوتنێکی یەکجار مەزن لە هەڵبژاردنی ٣٠ی ٩ی ٢٠١٨دا تۆمار بکەن“.
ئەوەشی دووپات کردەوە کە پارتی دەیەوێت لاپەڕەیەکی سیاسیی تازە لەگەڵ هەموو لایەنەکان دەست پێ بکات، تاوەکوو ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە حکوومەتێکی بەهێز و پەرلەمانێکی بەهێز ڕەنگ بداتەوە.
هێمن هەورامی ئاشکرای کرد کە پارتی دەیەوێ دەستوور بنووسرێتەوە و بە شێوازێکی پێشکەوتوو چاکسازی لە سیستەمی ئیداری و ژیانی خەڵکدا بکرێت. گوتیشی: ”ئەولەویەت لای ئێمە لابردنی پاشەکەوتی مووچە و چاککردنی ژیانی خەڵک و هەلی کار بۆ گەنجان و بابەتەکانی دیکەی پەیوەندیدارە بە ژیانی خەڵک، کەسمان بۆ ئیمتیازات نەهاتووین“.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا هێمن هەورامی نەیشاردەوە کە پارتی بە غرووری سیاسییەوە مامەڵە لەگەڵ ٤٥ کورسییەکەیدا ناکات، بەڵکوو لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لێژنەیەکی باڵای سیاسی پێک دەهێنێت، ”هێڵی سوورمان لەسەر هیچ لایەنێک نییە“، بەڵام ئەوانەی لەگەڵیاندا ڕێک دەکەون، دەبێ لە پەرلەمانیشدا هاوپەیمانی فراکسیۆنی پارتی بن، تاوەکوو سەقامیگیریی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بکەوێتەوە.
لە کۆتاییشدا داوای لە لایەنەکان کرد، ”تەوەقوعی ئەوەمان لێ نەکەن کە بیانەوێ غەدر لە ٤٥ کورسییەکەی پارتی بکەین“.
باسنيوز
