وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری بە سلێمانی داوە لەسەر پەیوەندیی نێوان یەکێتی و ئێران چونكە مانەوەی یەکێتی لەگەڵ ئێران لە سلێمانی پێچەوانەی سیاسەتی ئەمریکایە
تەنیا کوردی، چاودێری سیاسی، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە، ئەمریکا دەیەوێ ئێران لە هەرێمی کوردستان پاشەکشە بکات و دەسەڵاتیشی بەسەر حزبەکانی کوردستاندا نەمینێت، هەر بۆیە دوێنێ دووشەممە ٥ی ١١ی ٢٠١٨، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پرێس کۆنفرانسێکدا بە زەقی گوتوویەتی کە مەبەستی ئەمریکا لە سزا ئابوورییەکانی سەر ئێران، ”ئەوەیە کە لە کوردستان و عێراق بکشێتەوە“.
تەنیا کوردی نەیشاردووەتەوە کە ئەمەریکا ئاگاداری وردی ھەواڵگریی ئێرانە لە سلێمانی، بۆیە ”مانەوەی بە ھێزی یەکێتی لەگەڵ ئێران لە سلێمانی، پێچەوانەی سیاسەتی ئەمەریکایە و ئەمەش وەک ھۆشدارییەک مایک پۆمپیۆ ناوی کوردستانی ھێنا و مەبەستەکەش روونە کە سلێمانییە“.
ئەو چاودێرە سیاسییە پێیوایە کە ئەمریکا بە شێوەیەکی کاتی عێراقی لە بەردەوامیی مامەڵە ئابوورییەکانی لەگەڵ ئێران بەخشیوە، بەڵام ”لەسەر جموجۆڵی ئێران لە عێراق و جووڵەی حەشدی شەعبی، ئەمەریکا عێراق نابەخشێ، بۆیە پرسی نەوتیش لە نێوان ئێران و عێراقدا کاتییە و ئەمریکا دەیەوێ بە گفتوگۆ لەماوەی شەش مانگی داھاتوو، ئەو وڵاتانەش بە خشتەی زەمەنی لە مامەڵەی نەوت لەگەڵ ئێران بکشێنێتەوە“.
پێشتر دکتۆر کەیوان ئازاد، مامۆستای زانکۆی سلێمانی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندبوو کە ئیران دەیەوێت سلێمانی وەک ناوەندێکی بازرگانیی خۆی بەکار بهێنێت و ئەو کارانەی بەهۆی بڕیاری ئەمریکاوە لێی قەدەغە کراوە، لە سلێمانییەوە ئەنجام بدات، ئەمەشی بە مەترسییەکی گەورە بۆ ئایندەی شارەکە لەقەڵەم دابوو.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێیانوایە کە یارمەتیدانی ئێران لەم قۆناغەدا بۆ خەڵکی کوردستان ئەرکە و لەمبارەیەشەوە نازم دەباغ، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران کە لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و چاودێران پێیانوایە بۆچوونەکانی زۆرتر گوزارشت لە بۆچوونی حزبەکەی دەکات نەک کۆی گشتیی حکوومەت، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاندبوو کە ئێران لە ڕابردوودا هاوکاریی هەرێمی کوردستانی کردووە و ئێستاش هەرێمی کوردستان هەرچی لە دەست دێت، پێویستە بەرامبەر بە ئێران کەمتەرخەمی نەکات.
باسنیوز
