ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەم ساز دەکات

ئەمڕۆ  پەرلەمانی کوردستان یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەم ساز دەکات
پەرلەمانی کوردستان یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەم ساز دەکات و دەستەی سەرۆکایەتیی خول هەڵ دەبژێرێت.



بەپێی مەرسوومێکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە هەرێمی کوردستان، کاتژمێر 12ـی رۆژی سێشەممە 6/11/2018، یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام دەدرێت.



دانیشتنەکە بە سەرۆکایەتیی بەتەمەنترین کاندیدی دەرچووی لیستەکان بەڕێوە دەچێت، کە بەپێی زانیارییەکان، رێڤینگ محەمەد، کاندیدی دەرچووی پارتی بەتەمنترین ئەندامی ئەو خولەیە.



دواتر ئەندامانی نوێی پەرلەمان سوێندی یاسایی دەخۆن، دوای سوێندخواردن، دەبنە پەرلەمانتار و هەموو ماف و ئەرکێکی پەرلەمانتارییان بۆ دەبێت و لەسەر دەبێت.



ئەندامانی خولی نوێی پەرلەمان ئەم سوێندە دەخۆن:



بە خودای گەورە سوێند دەخۆم، کە پارێزگاری لە یەکێتیی گەل و خاکی کوردستان- عێراق و بەرژەوەندییە باڵاکانی بکەم.



کارنامەی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ:



- بەخێرهاتنی هەموو پەرلەمانتاران دەکرێ.

- چەند ئایەتێکی قورئان دەخوێندرێتەوە.

- پەرلەمانتاران خولەکێک بۆ شەهیدانی رێگای رزگاریخوازی کوردستان دەوەستن.

- پەرلەمانتاران سوێندی یاسایی دەخۆن.



رۆژی 30ـی ئەیلوولی 2018، هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام درا و رۆژی سێشەممە 30/10/2018، ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە هەرێمی کوردستان ئەنجامەکانی پەسەند کرد.



ژمارەی کورسیی لایەنەکان لە خولی پێنجەمی پەرلەمان:



- پارتی دیموکراتی کوردستان، 45 کورسی.



- یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، 21 کورسی.



- بزووتنەوەی گۆڕان، 12 کورسی.



- نەوەی نوێ، 8 کورسی.



- کۆمەڵی ئیسلامی، 7 کورسی.



- بەرەو ئیسڵاح (یەکگرتوو و بزووتنەوەی ئیسلامی)، 5 کورسی.



- ئازادی، 1 کورسی.



- سەردەم، 1 کورسی.



پێکهاتەکان (ژمارەی کورسییەکانیان جێگیرە):



- تورکمان، 5 کورسی.



- مەسیحی و کلدان ئاشووری، 5 کورسی.



- ئەرمەن، 1 کورسی.




باسنیوز
Top