پارتی پاکێجێک بۆ بەشداریی لایەنەکان لە حکوومەت ئامادە دەکات
پارتی دیموکراتی کوردستان کە براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە بە ٤٥ کورسی لە کۆی ئەو ١١١ کورسییەی پەرلەمانی کوردستان ھەیەتی، بەپێی یاسا ئەرکی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی دەکەوێتە ئەستۆ.
بەپێی زانیاریەکانی (باس)، پارتی بۆ ئەو کابینە نوێیە پاکێجی خۆی بۆ پێکھێنانی حکوومەتی ئامادە کردووە و لەمڕۆوە لەگەڵ سوێندخواردنی کاندیدانی ھەڵبژێردراو بۆ پەرلەمانی کوردستان، وەکوو پەرلەمانتار لەسەر بنەمای ئەو پاکێجە دەست بە گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەکات، کە بنەمای سەرەکیی پاکێجەکە پرسی دەستووری کوردستان و داھاتووی سیستەمی حوکمڕانییە لە ھەرێمی کوردستان.
ھاوکات، سەرچاوەیەکی ئاگەدار لە پەرلەمانی کوردستان بۆ (باس) ئاشکرای کرد، تاوەکوو ئێستا پارتی و یەکێتی لەسەر پرسی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان ڕێک نەکەوتوون و ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا تەنیا کاندیدانی ھەڵبژێردراو سوێندی یاسایی دەخۆن.
ڕێڤینگ ھروری پەرلەمانتاری ھەڵبژێردراوی پارتی، کە بەتەمەنترین ئەندامی پەرلەمانی کوردستانە و بەپێی یاسا، سەرۆکایەتیی یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان لەم خولەیدا دەکات، بۆ (باس) جەختی لەوە کردەوە کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا، تەنیا پەرلەمانتاران سوێند دەخۆن و پرسی یەکلاکردنەوەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، پەیوەندیی بە ڕێککەوتنی نێوان لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەیە و تاوەکوو ئێستا ئەو ڕێککەوتنە ڕووی نەداوە.
جگە لە پارتی و یەکێتی و کۆتاکان، کە مەیلی بەشدارییان لە حکوومەتدا ھەیە، گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامییش نزیکن لەوەی بەشداری لە حکوومەتدا بکەن، بەڵام تاوەکوو ئێستا بەھۆی بیروڕای جیاوازی ناوخۆیی و کێشەی باڵ باڵێنەوە نەیانتوانیوە خۆیان بۆ ئەو پرسە یەکلا بکەنەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە یەکێتییش لەسەر پۆست و ئیمتیازەکانی ناو حکوومەت کە بەری دەکەوێ، ناکۆکیی نیوخۆیی توندی تیادایە و ھەریەک لە باڵەکان پشتیوانی لە ھێنانە پێشەوەی خەڵکانی نزیک لە خۆیان دەکەن.
لای خۆشیانەوە، کەناڵە فەرمییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان ئاشکرایان کردووە، لە چەند رۆژی رابردوودا یەکێتی لە رێگای قوباد تاڵەبانییەوە، پەیامیان گەیاندووەتە پارتی و داوایان لێ کردووە گۆڕان لە حکوومەتی داھاتوودا بەشدار نەبێت، مەرجی قورسی بۆ دابنرێت تاوەکوو نەتوانێت بێتە ناو حکوومەتەوە.
لەمبارەیەوە، سەرچاوەیەکی نزیک لە یەکێتی، بۆ (باس) ئاشکرای کرد، گرووپێکی ناو یەکێتی لەلایەک کار لەسەر گەڕانەوەی گۆڕان بۆ ناو یەکێتی دەکات، لەلایەکی دیکەش دەیەوێ لەڕێگەی لاوازکردنی گۆڕانەوە ھەژموونی گۆڕان لەسەر پارێزگای سلێمانی و دەسەڵاتەکانی یەکێتی لە ئیدارەی ئەو پارێزگایە کەم بکاتەوە.
سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد، شاندێکی یەکێتی لە کۆبوونەوەیەکیاندا لەناو دیوانی پارێزگای سلێمانی، لەگەڵ چەند بەرپرسێکی گۆڕان، کە ھەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانییش تیایدا ئامادە بووە، دوای خستنەڕووی چەند پێشنیازێک بۆ گەڕانەوەی گۆڕان بۆ ناو یەکێتی، ھۆشداریشیان داونەتێ، ئەگەر بێت و بڕیاری گەڕانەوە نەدەن، ئەوە دەبێ لە سلێمانی پۆستی پارێزگار بدەنەوە بە یەکێتی، چونکە بەپێی رێژەی دەنگدەرانی ئێستای سلێمانی لە ھەردوو ھەڵبژاردنی عێراق و کوردستان، یەکێتی خاوەنی ئەو پۆستەیە لەو پارێزگایە.
سەرچاوەکە ئەوەشی خستە ڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا ئەو باڵەی گۆڕان کە نزیکن لە رێکخەری گشتیی گۆڕان و خانەی ڕاپەڕاندنەوە، لەبەرامبەر بە گەڕانەوەیان بۆ ناو یەکێتی توند نەبوون، بەڵام پێیان وابووە، ئەگەر ئەوان بگەڕێنەوە بۆ ناو یەکێتی، ئەوە خەڵکانێکی دیکە خۆیان دەکەن بە خاوەنی گۆڕان و لەو حاڵەیا کێشەی گەورە لەسەر موڵکەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، کە لەسەر کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا تاپۆ کراون، دروست دەبێت.
ھەر بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، دەستوەردانەکانی یەکێتی ڕێگەی لە ئەنجامدانی کۆنفرانسە ناوخۆییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان گرتووە و ناکۆکیی توند لەناو گۆڕاندا دروست کردووە، بە شێوەیەک ھەر باڵێکی گۆڕان دەیەوێ خۆی بکات بە خاوەنی سەرکەوتنەکانی گۆڕان لە رابردوودا و شکستەکانی ئێستاش بخاتە ملی باڵەکانی دیکەوە ئەوەش باڵەکانی گۆڕانی دابەشی سەر بەشداری و بەشدارینەکردن لە حکوومەت کردووە و دەستی حزبەکەیان بۆ بڕیاردان بەستووە.
ھەمان سەرچاوە ئاشکراشی کرد، قادری حاجی عەلی و عوسمانی حاجی مەحموود، کە دوو ھەڵسووڕاوی دیاری بزووتنەوەی گۆڕانن و ماوەیەکە بۆ جاری دووەم و سێیەم نیگەرانن لە ئەدا و کاری بزووتنەوەکەیان، بەتایبەتیش پرسی موڵکەکانی گۆڕان، ئێستا بەتەواوی دەستبەرداری گۆڕان بوون، ئەوەشیان بەڕوونی بە رێکخەری گشتیی گۆڕان راگەیاندووە.
سەرچاوەکە لەبارەی داھاتووی ئەوانیشەوە، ئاماژەی بەوە دا، ئێستا ئەو گرووپەی ناو یەکێتی، ھەوڵەکانی بۆ ڕازیکردنی ئەو سەرکردانەی پێشووتری گۆڕان کە کۆنە یەکێتی بوون، چڕ کردووەتەوە، بۆ ئەوەش پێشنیازی وەرگرتنی چەند پۆستێکی بۆ کردوون لە حکوومەتی نوێی ھەرێمی کوردستان، کە بەر یەکێتی بکەوێت.
پێوەند بەم پرسە، کوێستان محەمەد، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ (باس) رای گەیاند، تاوەکوو ئێستا گۆڕان خۆی بۆ پرسی بەشداریکردن یان نەکردن لە حکوومەت یەکلا نەکردوەتەوە، گوتی: “لە ناوخۆدا گفتوگۆکان لەسەر ئەو پرسە بەردەوامییان ھەیە و نەگەیشتووینەتە بڕیاری کۆتایی”.
بەڵام کاروان ساڵح، چاودێری سیاسی و پەرلەمانتاری دەستلەکارکێشاوەی خولی سێیەمی بزووتنەوەی گۆڕان، بۆ (باس) رای گەیاند، دەستوەردانەکانی یەکێتی بەسەر گۆڕاندا کاریگەریی گەورەی ھەیە و یەکێتی لەژێرەوە کار بۆ راکێشانی کۆنە یەکێتییەکانی ناو گۆڕان دەکات و ھاوکات ھەوڵی لاوازکردنی گۆڕانیش دەدات، گوتیشی: “یەکێتی دەیەوێ لە سلێمانی گەرەنتیی ئەوە بکات، ھێزێکی وەکوو گۆڕان نابێتەوە بە کێشە و سەرئێشە بۆی و خۆی دەبێتەوە بە خاوەنی یەکەمی سلێمانی، لەبەرئەوە لەسەر چەند ئاستێک کار لەسەر لاوازکردنی گۆڕان دەکات، یەکەمیان، لەسەر ئاستی راکێشانی سەرکردەکانی گۆڕان کە پێشتر یەکێتی بوون، بە سەرکردە تۆراوەکانی گۆڕانیشەوە، دووەمیان لاوازکردنی گۆڕان لەڕێگەی بەشدارینەکردنی لە حکوومەت و زەقکردنەوەی کێشە ناوخۆییەکانی”.
ئەو چاودێرە ئاماژەی بەوەش دا، بەو ھۆیانەوە گۆڕان لە توانایدا نییە لەم قۆناغە وەکوو بەڵێنی دابوو، کۆنفرانسە ناوخۆییەکانی بەڕیوە بەرێت، گوتی: “کێشەکانی گۆڕان تەقیونەتەوە و ھیچ باڵێک ئەوەی دیکە قبووڵ ناکات، ھەر یەکەیان دەیەوێ شکستی گۆڕان لە لەدەستدانی نیوەی کورسییەکانی بخاتە ئەستۆی ئەوەی دیکە، ھاوکات یەکێتییش ئەو باڵانە لەبەرامبەر بە یەکتری بەکار دەھێنێ، تاوەکوو سوودی سیاسیی خۆی لێ وەربگرێت، لەبەرئەوە ئەستەمە لەو دۆخەدا گۆڕان بتوانێ کۆنفرانس و کۆنگرە ناوخۆییەکانی ئەنجام بدات”.
ئەو چاودێرە سیاسییە، جەختی لەوەش کردەوە کە یەکێتی لە ناوخۆیدا ناکۆکیی توندی تێکەوتووە و ھەریەک لە باڵاکان دەیانەوێ پۆستە حکوومی و پەرلەمانییەکان، بۆ خەڵکانی نزیک لە خۆیان بێت.
لەبارەی داوای یەکێتیش بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی لە گۆڕان، ئەکرەم شەریف، ئەندامی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ (باس) رای گەیاند، ئەوە پەیوەندیی بە رێککەوتنی سیاسیی نێوان یەکێتی و گۆڕانەوە ھەیە، بەڵام ھەر کەسێک ببێتە پارێزگاری سلێمانی، ئەوە دەبێت لە ئەنجومەنی پارێزگا متمانە وەربگرێت و دواتر متمانەکەی رەوانەی وەزارەتی ناوخۆ و لەوێشەوە ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت، گوتی: “بەپێی یاسا دەبێت لە ماوەی ١٥ رۆژدا متمانەوەرگرتنی ئەو کەسە لەو رێگەیەوە کۆتایی بێت”.
بەڵام رێبوار ئەحمەد، ئەندامی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ (باس) رای گەیاند، ئەوان گرنگیی بەو بابەتانە نادەن و لای ئەوان کاری یەکەم خزمەتکردنی ھاووڵاتییانی پارێزگای سلێمانییە، نەوەکوو پۆستەکان.
باسنیوز
