كەركووك.. لە ٢٤سەعاتی ڕابردوودا، ١٢ كردەی تیرۆریستی ئەنجام دراون
ئەنجوومەنی ئاساییشی ھەرێمی كوردستان، ئاماری ھێرشی تیرۆیستانی داعشی لە مانگی ڕابردوودا بڵاو كردووەتەوە و، بەپێی ئامارەكەیش بە لای كەمەوە پێنج ھێرش لە رێگەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو و ٤٠ھێرش لە رێگەی بۆمبی چێندراو لە سنووری كەركووك و مووسڵ ئەنجام دراون و، ھێزە ئەمنییەكان و خەڵكی سڤیلیان كردووەتە ئامانج، جگە لەوەش كردنەئامانجی موختاری گوندەكان و تەقاندنەوەی وێستگەكانی كارەبا بەردەوامن، بۆیە ڕووداوە ئەمنییەكان ئەوە نیشان دەدەن كە ھێرشە تیرۆریستییەكان لە رێگەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو لە كەركووك و مووسڵ لەلایەن داعشەوە دەستیان پێكردووەتەوە.
پێوەست بەم پرسە، شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە لیژنەی ئاساییش و بەرگری و شارەزای ئەمنی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەنجوومەنی ئاساییشی ھەرێمی كوردستان یەكێكە لەو دەزگا ئەمنییە ھۆشیارانەی كە ھەمیشە پێش ڕووداوەكان ھۆشداریی داوە، بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠١٤ـدا، دوو مانگی پێش ھاتنی داعش، ھۆشداریی دا و لە ھەموو ڕووداوەكاندا دەستپێشخەریی ھەبووە، بۆیە یەكێكە لەو دەزگا ھەواڵگریانەی لە جیھاندا متمانەی زۆری پێ دەكرێت".
عەبدوڵڵا گوتیشی: "ئەنجوومەنی ئاساییش لەخۆیەوە قسە ناكات و كۆمەڵێك دەزگای چاوكراوەی ھەیە و كۆمەڵێك سەرچاوەی گرینگی ھەن، بۆیە خوێندنەوەی بۆ واقیعەكە زۆر لە جێی خۆیدایە كە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا لەو ناوچانە داعش سەری ھەڵداوەتەوە و بەپێی ئەو ئامارانەی كردە تیرۆریستییەكانیش، پێویستە ھۆشداریی ئەنجوومەنی ئاساییش بە ھەند وەرگیرێت لەلایەن حكوومەتی عێراق و ئەو وڵاتانەیشەوە كە بوونیان لە عێراق ھەیە".
ڕوونیشی كردەوە، تەنیا لە ماوەی ٢٤سەعاتی ڕابردوودا لە كەركووك و دەوروبەری، ١٢ كردەی تیرۆریستی ئەنجام دراون، كە شەش لەوانە لەناو كەركووك و شەشی دیكەیش لە دەرەوەی كەركووك بوون و ڕووداوی كوشتن و رفاندن و تەقەكردن بوون.
دەشڵێ: "ئەگەر پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەكانی كوردستان نەبوونایە، لە كاتی ھاتنی داعشدا ٥٠%ـی ناوچە كوردستانییەكان كە مابوون، دەكەوتنە دەست داعشەوە، بۆیە ئێستا جارێكی دیكە سەریان ھەڵداوەتەوە و پێویستە ھەرچی زووترە ھێزی ھاوبەش بۆ ئەو ناوچانە دروست بكرێتەوە بۆ رێگریكردن لە ھەر ڕووداوێكی نەخوازراو".
kdp-
