ئەنەكەسە: لە ئاستی باڵادا بەشداریی جنێف 10 دەكەین

	 ئەنەكەسە: لە ئاستی باڵادا بەشداریی جنێف 10 دەكەین
نوێنەری ئەنەكەسە لە هاوپەیمانیی نیشتیمانیی سووریا دەڵێ، بڕیارە بەم زووانە كۆنگرەی جنێف 10 ئەنجام بدرێت و، لەو كۆنگرەیەدا "ئەنەكەسە" لەسەر رەوشی رۆژئاوای كوردستان راپۆرتی خۆی ئامادە كردووە.

عیماد برهۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "بڕیارە بەم زووانە كۆنگرەی جنێف 10 ئەنجام بدرێت و، شاندی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كوردیش لە سووریا "ئەنەكەسە"، لەسەر ئاستی باڵادا بەشدارە كە (حەواس عەگید) و (ئیبراهیم برۆ) نوێنەرایەتی دەكەن، هەرچەندە ئێمە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بەشدارین، بەڵام ماوەی شەش مانگە وەك ئیئتیلافێكی سەربەخۆ لە چوارچێوەی ئۆپۆزسیۆنی سووریادا داواكاریمان هەیە، بڕیاریشە لە كۆنگرەی داهاتووی جنێفدا ئێمە پاكێجێك بخەینە روو كە خۆی لە چارەكردنی پرسی سووریا و فیدراڵییەت بۆ رۆژئاوای كوردستاندا دەبینێتەوە و، دەبێ كوردیش وەك نەتەوەی سەرەكی لە سووریا بناسرێت".

برهۆ، هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو: "دۆخی رۆژئاوای كوردستان و سووریا بە گشتی، لە دووڕێیانێكی نادیاردایە بە هۆی هاوپەیمانیی ئەمەریكا و توركیا و، هەوڵەكانی پەیەدە و رژێمی سووریایش وایان كردووە دۆخی ناوچەكە بە هەڵواسراوی بمێنێتەوە، بە تایبەت دوای كاردانەوەكانی توركیا لە دژی هاوكاریی ئەمەریكا بۆ پەیەدە و هێزە چەكدارەكانیان".
kdp-
Top