لیستی كەسوكاری شەھیدان ڕەوانەی بەغدا كراوە
بەرەڤان حەمدی، بریكاری وەزارەتی كاروباری شەھیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەجێندای سەردانی شاندی وەزارەتەكەی بۆ بەغدا ئاشكرا كرد و رایگەیاند: "دوابەدوای فەرمانی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان بۆ پێكھێنانی لیژنەیەك كە سەرپەرشتیی دۆسیەی چۆنیەتیی هەماهەنگیكردنی مووچەی كەسوكاری شەھیدان لەگەڵ دەزگای شەھیدانی بەغدا، ھەروەھا مووچەی زیندانیانی سیاسیی ھەرێم لەگەڵ دەزگای زیندانیانی سیاسیی بەغدا بكات، لە دوێنێوە شاندێكی تەكنیكی لە بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژمێریاری و یاسایی وەزارەتی كاروباری شەھیدانی ھەرێمی كوردستان بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پرسە لە بەغدان".
حەمدی روونی كردەوە: "شاندی وەزارەت لیستەكانی كەسوكاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسییان لەگەڵ خۆیاندا بردووە بۆ بەغدا، بە مەبەستی دانوستان لەگەڵ حكوومەتی عێراق ئەویش لە چوارچێوەی مادەی ١٣٢ی دەستووری ھەمیشەیی عێراق و ئەو بڕیارانەی لە پەرلەمانی عێراق دەركراون لەبارەی چۆنیەتیی ھەمانگیی نێوان ھەردوولا، ھەروەھا لە چۆنیەتیی خەرجكردنی مووچەی زیندانیانی سیاسی و كەسوكاری شەھیدان لە ھەرێمی كوردستان".
بریكاری وەزارەتی كاروباری شەھیدانی ھەرێمی كوردستان، گوتیشی: "بڕیارە شاندی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ ھەریەكە لە دەزگای شەھیدی عێراق و دەزگای زیندانیانی سیاسی و لیژنەی شەھیدانی پەرلەمانی عێراق و ئەمینداری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆ ببێتەوە، دوای ئاڵوگۆڕی بۆچوونی ھەردوولا و گەڕانەوەی شاندی وەزارەت، بڕیار لەسەر ئەو بابەتە دەدرێت".
بەرەڤان حەمدی، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "ڕاستە جیاوازی لە نێوان یاسای ھەرێم و بەغدا ھەیە لەبارەی مووچە و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەھیدان و زیندانیانی سیاسی، بۆیە دەبێت رەوچاوی تایبەتمەندییەكان بكرێت و لە قۆناغی یەكەمدا وەك بودجە مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی كوردستاندا بكرێت، لە قۆناغی دووەمدا ئەگەر پێویست بێت ئەوە دەبێت یاساكان ھەموار بكرێنەوە، بەڵام بە مەرجێك ھیچ لایەك تێیدا زەرەرمەند نەبێت، چونكە ئەو كۆمەڵكوژییەی لە ھەرێمی كوردستان كراوە و ئەو تاوان و كارەساتانەی بەسەر گەلی ئێمەدا ھاتوون، جیاوازن لەوەی لە عێراق رووی داوە، لەبەر ئەوەش ئەگەر پێویستی كرد دەبێت یاسایەكی یەكگرتوو دەربكرێت و لە سەرتاسەری عێراق جێبەجێ بكرێت".
kdp -
