سەرۆکی پارتی دیموکراتی یۆنان، خۆشەویستیی تایبەتی خۆی بۆ گەلی کوردستان دەربڕی
لە ئەسینای پایتەختی یۆنان، فەلاح حەسەن، جێگری سەرۆکی ھەردوو ڕێکخراوی لاوانی سیاسیی جیھان و ئەورووپا لە لایەن کریاکۆس میتسۆ تاکیس، سەرۆکی پارتی دیموکراتی یۆنان و بەھێزترین کاندید بۆ سەرۆکایەتیی حکوومەتی یۆنانەوە پێشوازیی لێ کرا.
لە دیدارەکەدا جێگری سەرۆکی لاوانی سیاسیی جیھان سوپاسی ئەو پێشوازی و دیدارەی کریاکۆس میتسۆ تاکیسی کرد و سڵاو و ڕێزی لاوانی جیھان و کوردستانی بە بەڕێزیان گەیاند. فەلاح حەسەن باسی شەڕی داعش و ڕووداوەكانی دواییی عێراق و دواھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و عێراقی بۆ سەرۆکی پارتی دیموکراتی یۆنان کرد و داوای لێیان کرد کە لە ئێستا و لە ئایندەدا پشتگیر و دۆستی گەلی کورد بن.
سەرۆکی پارتی دیموکراتی یۆنان کە بە یەکێک لە بەھێزترین کاندیدەکانی سەرۆکایەتیی حکوومەتی یۆنان دادەنرێت لە ھەڵبژاردنەکانی ئایندەی ئەو وڵاتەدا، باسیی ڕۆڵ و گرینگیی لاوانی سیاسیی جیھان و ئەورووپای کرد و خۆشەویستیی تایبەتی خۆی بۆ گەلی کوردستان دەربڕی و سوپاسی ھەڵوێستی پێشمەرگەی کوردستانی کرد کە بەرەنگاری شەڕی داعش و تیرۆر بووەوە و توانی ھەرێمی کوردستان لە دەستی تێرۆریستان ڕزگار بکات. لە دواھەڵوێستەکانیدا کریاکۆس میتسۆ تاکیس گوتی: "ھەموو ھەوڵێک دەدەین کە بە زووترین کات کونسووڵخانەی گشتیی وڵاتەکەمان لە ھەولێر بکرێتەوە و بەڵێنی بە جێگری سەرۆکی لاوانی سیاسیی جیھان دا کە بە پێی توانا ھەردەم ھاوکاری گەلی کوردستان بێت."
kdp -
