ئەگەری رووخانی 19 قوتابخانەی موسەننا هەیە
ئەمڕۆ دووشەممە 5/11/2018، بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی موسەننا بڕیارێکی دەرکردووە، کە تێیدا داوا لە بەڕێوەبەری قوتابخانەکانی پارێزگاکەی دەکات، لە کاتی هەستکردن بە رووخانی هەر قوتابخانەیەک، بە زووترین کات قوتابخانەکە چۆڵ بکەن.
بڕیارەکە 19 قوتابخانەی سنووری موسەننا دەگرێتەوە، کە بەهۆی بارانبارینەوە ئەگەری رووخانیان هەیە.
بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی موسەننا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە لە ئەگەری روودانی هەر رووداوێک لە قوتابخانەکان، بەرپرسیارێتیی گیانی قوتابییەکان دەکەوێتە بەڕێوەبەری ئەو قوتابخانانە.
ئەگەری رووخانی ئەو قوتابخانانە لەکاتێک دایە، کە عێراق بە تایبەت پارێزگاکانی باشوور، بە دەوڵەمەندترین شارەکانی جیهان بە نەوت دادەندرێن و رۆژانە لە کێڵگەکانیانەوە، زیاتر یەک ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە دەکرێ.
موسەننا، کە شاری سەماوە سەنتەری پارێزگایەکەیەتی، پارێزگایەکی باشووری عێراقە و کەوتووەتە سەر سنووری شانشینی سعودیە.
باسنيوز
