لە سلێمانی 21 کەس بە تۆمەتی قومارکردن دەستگیر دەکرێن
ئەمڕۆ دووشەممە 5/11/2018، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردەوە، تێیدا ھاتووە: "لە درێژەی ھەڵمەتەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس بۆ گەراِن و پشکنینی کافتریا و یانە شەوانەکان و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی سەرپێچی یاسا دەکەن، ھێزەکانی بنکەی پۆلیسی سەرا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 389 لە یاسای سزادانی عێراقی، توانییان 21 تۆمەتبار دەستگیر بکەن، کە لەناو کافتریایەکدا لە سلێمانی قوماریان کردبوو".
باس لەوەش کراوە: "تۆمەتباران بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 389 دەستگیر کران، دەستیش گیرا بەسەر بڕێک پوولی قومارکردن و چەند پارچە چەقۆ و بۆکس خەنجەرێکدا".
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی جەختی لەوەش کردووەتەوە، ھەڵمەتەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بۆ گەڕان و پشکنینی کافتریا و یانە شەوانەکان بەردەوامییان ھەیە و ھەر کەسێک سەرپێچيی یاسا بکات، "دەستگیر دەکرێت و لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت".
باسنيوز
