لە سلێمانی 21 کەس بە تۆمەتی قومارکردن دەستگیر دەکرێن

 لە سلێمانی 21 کەس بە تۆمەتی قومارکردن دەستگیر دەکرێن
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، 21 کەس بە تۆمەتی قومارکردن لە سلێمانی دەستگیر کراون.

ئەمڕۆ دووشەممە 5/11/2018، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردەوە، تێیدا ھاتووە: "لە درێژەی ھەڵمەتەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس بۆ گەراِن و پشکنینی کافتریا و یانە شەوانەکان و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی سەرپێچی یاسا دەکەن، ھێزەکانی بنکەی پۆلیسی سەرا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 389 لە یاسای سزادانی عێراقی، توانییان 21 تۆمەتبار دەستگیر بکەن، کە لەناو کافتریایەکدا لە سلێمانی قوماریان کردبوو".

باس لەوەش کراوە: "تۆمەتباران بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 389 دەستگیر کران، دەستیش گیرا بەسەر بڕێک پوولی قومارکردن و چەند پارچە چەقۆ و بۆکس خەنجەرێکدا".

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی جەختی لەوەش کردووەتەوە، ھەڵمەتەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بۆ گەڕان و پشکنینی کافتریا و یانە شەوانەکان بەردەوامییان ھەیە و ھەر کەسێک سەرپێچيی یاسا بکات، "دەستگیر دەکرێت و لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت".









باسنيوز
Top