مامۆستایەکی زانکۆی سلێمانی: بەهۆی ئێرانەوە سلێمانی ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە دەبێتەوە
دکتۆر کەیوان ئازاد ئەنوەر، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر و مامۆستای زانکۆی سلێمانی ڕايگەیاند: "گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، سیاسەتێکە ئەو وڵاتانە دەیانەوێت ئێران لە چوارچێوەی وڵاتەکەی خۆیاندا بێت، دواجار لە ھەژموونیی فراوانخوازی بۆ سووریا و یەمەن هەروەها بۆ فەڵەستین و بەحرێن پاشەکشەی پێ بکەن، بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ مانەوەی خۆی دەیەوێت شەڕەکە لەخۆی دوور بخاتەوە و ھەوڵی ئەوە دەدات پەل بھاوێت بۆ وڵاتانی عەرەبی، بۆ ئەوەی پێگەی سیاسیی خۆی بھێڵێتەوە".
ئەو مامۆستایەی زانکۆ ڕوونی کردەوە، ھەرچەندە ھەرێمی کوردستان لە زاخۆوە تاکوو خانەقین یەک ھەرێمە، بەڵام بەھۆی ڕووداوە سیاسییەکانەوە، بووە بە سێ زۆنی جیاواز، بەشێکی بە زۆنی زەرد ناسراوە، بەشێکی دیکەی بە زۆنی سەوز ناسراوە کە شاری سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان دەگرێتەوە، بەشێکی دیکە پێی دەگوترێت، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ”کە بەداخێکی گرانەوە بەھۆی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە لەلایەن حەشدی شەعبیەوە بەڕێوە دەبرێت“. پێشیوایە کە ئەم چەند زۆنییە وایکردووە ئێران فشارەکانی لەسەر ناوچەکانی خۆی کەم بکاتەوە. گوتیشی: ”ئێران دەیەوێ زۆنی سەوز بەتایبەتی شاری سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان، بەکار بھێنێت بۆ ئەوەی ئەو ناچەیە بکات بە زۆنێکی بازرگانی بۆ ئەوەی گەمارۆکانی لەسەر خۆی سووک بکات، یان لانیکەم دەروازە سنوورییەکانی زۆنی سەوز بۆ خۆی بەکار بھێنێت، بە جۆرێک زۆنی سەوز ببێت بە ناوچەیەکی بازرگانی بۆ ئێرانییەکان".
دکتۆر کەیوان ئازاد، لە لێدوانەکەیدا ئەگەر ئێران زۆنی سەوز بکات بە ناوچەیەکی بازرگانی، ئەوا ”مەترسییەکی گەورە بۆ شاری سلێمانی دروست دەبێت“. چونکە بەھۆی ئاڵوگۆڕی بازرگانییەوە دواجار شارەکە دەبێتە ناوەندی پێکدادانی دوو زلھێزی گەورەی وەکوو ئەمریکا و ئێران. گوتیشی: ”ئەو یارییە ئەلکترۆنییە دەبێتە واقیع کە ساڵانی ڕابردوو بڵاو بووەتەوە و باسی ئەوە دەکات کە سلێمانی دەبێتە پێگەیەکی سیاسیی کۆماری ئیسلامیی ئێران".
چەند ساڵێک لەمەوبەر یارییەکی ئەلیکترۆنی بە تەکنیکێکی بەرز بڵاو کرایەوە کە لە یارییەکەدا هێزێکی چەکداری ژمارەیەک سەربازی ئەمریکی لە سنووری سلێمانی دەڕفێنن و دواتر دەیاندەنە دەست هاوپەیمانە ئێرانییەکانیان، پاشان سوپای ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر سلێمانی.
باسنيوز
