پارتی: مافی وەرگرتنی وەزارەتێکی دیکەی حکوومەتی عێراقمان ھەیە
دانای شەھید جەزا، پەرلەمانتاری پارتی بە (باسنیوز)ی راگەیاند، رەنگە ئەو وەزارەتەی دیکە، کە بەر کورد دەکەوێت، کۆچ وکۆچبەران بێت.
دانای شەهید جەزا هەروەها رایگەیاند، ئەگەر پشکی کورد سێ وەزارەت بێت، پارتی وەرگرتنی وەزارەتێک لە کۆی ئەو ھەشت وەزارەتەی ماوە، بەمافی خۆی دەزانێ.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کرد، کە تا ئێستا پشکی کورد لەنێوان سێ وەزارەت و چوار وەزارەت یەکلایی نەکراوەتەوە و ئەگەر ھەر وەزارەتێکی دیکەیان پێ بدرێت، کاندیدی شیاویان ھەیە و دەتوانن بەرێوەی ببەن پۆستەکە.
بڕیارە رۆژی سێشەممە 6/11/2018، پەرلەمانی عێراق کۆ ببێتەوە و عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ناوی ئەو هەشت وەزیرەی ماوە، بداتە پەرلەمان، بە مەبەستی پەسەندکردنی.
عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، درەنگانی شەوی چوارشەممە 24/10/2018 لە پەرلەمانی وڵاتەکەی سوێندی یاسایی خوارد و 14 وەزیر لە کابینەکەی، لە پەرلەمانەوە متمانەیان وەرگرت.
باسنیوز
