د. بەشیر: دوای پێكھێنانی لیژنەكان، بودجە دەگەڕێندرێتەوە بۆ حكوومەت

د. بەشیر: دوای پێكھێنانی لیژنەكان، بودجە دەگەڕێندرێتەوە بۆ حكوومەت
جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق گوتی، رایەكی گشتی لەناو پەرلەمان ھەیە بۆ ئەوەی پڕۆژەیاسای بودجە بگەڕێندرێتەوە بۆ حكوومەت، بەڵام دوای پێكھێنانی لیژنە ھەمیشەییەكان بودجەكە دەگەڕێندرێتەوە.

د. بەشیر خەلیل، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "رایەكی گشتی لەنێو پەرلەمان ھەیە بۆ گەڕاندنەوەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ حكوومەت بۆ ئەوەی ھەموار بكرێتەوە، بەڵام سەرەتا پێویستە لیژنە ھەمیشەییەكان دروست بكرێن و پڕۆژەیاساكە ئاڕاستەی لیژنەكان بكرێت و لەسەر پێشنیازی ئەوان بگەڕێندرێتەوە بۆ حكوومەت، چونكە ئەو پڕۆژەیاسایە كەموكوڕیی زۆری تێدایە".

د. بەشیر گوتیشی: "وەك فڕاكسیۆنە كوردییەكان ھەمووان تێبینیی زۆریان لەسەر پڕۆژەیاساكە ھەیە، بەڵام پێویستە تێبینییەكان لە رێگەی راپۆرتی لیژنەكانەوە بەرز بكرێنەوە، ئینجا پەرلەمان بیگەڕێنێًتەوە بۆ حكوومەت".

خەلیل باسی لەوەش كرد، حكوومەتی ئێستا چاو بە پڕۆژەیاسای بودجەدا دەخشێنێتەوە، چونكە حكوومەتی پێشوو ئەو پڕۆژەیاسایەی ئامادە كردووە، بۆیە سیاسەتی حكوومەتی ئێستا لەبارەی بودجەوە، جیاوازە لەگەڵ ئەوەی ڕابردوو و بێگومان ھەندێك گۆڕانكاری تێدا دەكرێت، بەڵام بۆ پشكی ھەرێم پێویستی بە رێككەوتنی سیاسی ھەیە.

جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان دەشڵێ، چاوەڕوان دەكرێت رۆژی سێشەممەی دابێ، پەرلەمانی عێراق بەشێكی دیكەی ئەو وەزارەتانەی ماون كە ھەشت وەزارەتن، یەكلا بكاتەوە.
kdp-
Top