چاودێران: سزاكانی سەر ئێران، كاریگەرییان لەسەر ھەرێمی كوردستان نابێت

چاودێران: سزاكانی سەر ئێران، كاریگەرییان لەسەر ھەرێمی كوردستان نابێت
ئەمڕۆ وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا گەڕێكی دیكەی سزاكانی بەسەر كۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەسەپێنێت و چاودێرانیش پێیان وایە، سزاكانی سەر ئێران كاریگەرییەكی ئەوتۆیان لەسەر ھەرێمی كوردستان نابێت، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانییش دەڵێ: "چاودێریمان خستووەتە سەر بازاڕ و رۆژانە نرخی كەلوپەل و خۆراك وەردەگرین، تا ھیچ كەسێك كەڵك لەو دەرەفەتە وەرنەگرێت بۆ بەرزكردنەوەی نرخەكان".

ئێران وەك وڵاتێكی ھاوسنوور لەگەڵ ھەرێمی كوردستان، لە رێگەی ژمارەیەك مەرزی نێودەوڵەتیی لاوەكییەوە بزاوتی بازرگانیی لەگەڵ ئێراندا ھەیە و رۆژانە چەندین كەلوپەل لە ئێرانەوە ھاوردەی ھەرێمی كوردستان دەكرێت. ئاشنا بابان، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، باوەڕی وایە، ئێران وڵاتێكی گرینگە بۆ ھەرێمی كوردستان، چونكە ئێمە سنووری ئاویمان لەگەڵ جیھانی دەرەوەدا نییە و زیاتر لەگەڵ ئێران و توركیا و سووریا سنووری وشكانی بەكار دێنین، لەبەر ئەوەش لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە ھەر وڵاتێك كێشەی بۆ دروست ببێت و سزای بەسەردا بسەپێندرێت، بێگومان تا رادەیەك كاریگەری لەسەر دەروبەرەكەی دەبێت، بەڵام بەو شێوەیە نابێت.

سیاسەتی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ڕوونە لە بەرانبەر سزاكانی سەر ئێران و ھەرێمی كوردستان پێی وایە، ئێران وڵاتێكی دراوسێی گرینگە، بەڵام پابەندە بەو بڕیارانەی بەغدا بۆ چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ رەوشی ئێران.

نەوزاد ئەدھەم، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێت: "سزاكانی سەر ئێران ئەو كاریگەرییەی لەسەر بازاڕەكانی ھەرێمی كوردستان نابێت، چونكە تا ئێستا ئێران خۆی جار جار ھەناردەكردنی ھەندێك كەلوپەل رادەگرێت بۆ وڵاتانی دەرەوە، بەڵام ئێران خۆی شڵەژاوە لەو رەوشەدا و شتێك ناكات زیانی بۆ خۆی ھەبێت".

ئاشنا بابان، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "وەك خەڵكێك بیری لێ دەكاتەوە زیانەكانی سزای سەر ئێران بەو قەبارەیە نین، چونكە ساڵی رابردوو بە ھۆی ئەنجامدانی ریفڕاندۆمی سەربەخۆییەوە، ئێران سنوورەكانی لەسەر ھەرێمی كوردستان داخست، كەچی ھیچ كاریگەرییەكی ئەوتۆشی نەبوو لەسەر ھەرێمی كوردستان، ئەگەر بە بیر خوێنەران بێت ھەموومان چاوەڕێی ئەوە بووین رەوشی ھەرێمی كوردستان بەرەو ئاقارێكی خراپ بچێت، بەڵام وا دەرنەچوو و ئێمەیش بەشی خۆمان بەرھەمی ناوخۆمان ھەیە و رێگەی دیكەیش ھەیە بگیرێتە بەر لەبری ئێران، بەڵام نایشارینەوە رەنگە ھەندێك قورستر بێت، ھاوردەكردنی كەلوپەل كە لە وڵاتێكی دوورتر لە ئێران بێتە كوردستان، لە ڕووی دووریی رێگا و كرێی زیادەوە، ھەندێك زیانی دەبێت، لەگەڵ ئەوەیشدا بەو شێوەیە نابێت كە باسی لێوە دەكرێت".

لەبارەی چاودێریكردنی بازاڕ و سزادانی ئەوانەی لە ھەر دەفەتێكدا دەیانەوێ بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان نرخ بەرز بكەنەوە، نەوزاد ئەدھەم روونی كردەوە: "حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە ھەر چوار پارێزگاكەدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانی و لیژنەی چاودێریی بازاڕی ھەیە، رۆژانە نرخی ھەموو كەلوپەل و خۆراكێك وەردەگیرێت و لیژنەكانی بازرگانی، چاودێریی بازاڕ دەكەن، بێگومان ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە سزاكانی سەر ئێران زیانی نەبووە بۆ سەر كوردستان تا ئێستا، ھەر كەس و لایەكیش بە دەرفەتی بزانێ بۆ بەرزكردنەوەی نرخ، ئەوە سزای یاسایی ھەیە".

لە كاتی سەپاندنی گەڕی یەكەمی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران، ھەر ئەوكات بازرگانانی ھەرێمی كوردستان بەخۆ كەوتن بۆ ئەوەی رێگەی دیكە بگرنە بەر و كاریگەری سزاكان نەبێتە ھۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی كەلوپەل لە بازاڕەكانی ھەرێمی كوردستاندا، لەو بارەیەوە مستەفا عەبدولڕەحمان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاشكرای كرد: "ئێمە لەگەڵ ژمارەیەك وڵاتی دیكە لە ھەوڵداین بۆ ئەوەی بازرگانانی ئێمە لەوێوە كەلوپەل ھاوردەی ھەرێمی كوردستان بكەن و لە ئاییندەیەكی نزیكدا ئەو جووڵە بازرگانییە دەست پێدەكات".
kdp-
Top