قایمقامی هەولێر زانیاری لەبارەی تەواوبوونی کارەکانی بازاڕی لەنگە دەخاتە ڕوو

 قایمقامی هەولێر زانیاری لەبارەی تەواوبوونی کارەکانی بازاڕی لەنگە دەخاتە ڕوو
قایمقامی ناوەندی هەولێر ڕای دەگەیەنێت، بە بەردەوامی کار لە بنیاتنانەوەی بازاڕی لەنگەدا دەکرێت، لە ماوەی کەمتر لە مانگێک دا کارەکانی کۆتایی پێ دێت.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندی هەولێر ڕايگەیاند: "بەبەردەوامی کار لە بنیاتنانەوەی بازاڕی لەنگەدا دەکرێت، بەو پێیەی کارەکانی بە باشی بەڕێوە دەچێت لە ماوەی کەمتر لە مانگێکی دیکەدا کارەکانی کۆتایی پێ دێت".

قایمقامی هەولێر، ئاماژە بەوە دەکات، كه‌ لەگەڵ تەواوبوونی سەقفی دوکانەکانی بازاڕەکەدا، بە زووترین کات کارەکانی ئاو و ئاوەڕۆ و کارەبا و چاککردنەوەی شەقامەکانی دەست پێ دەکات.

ئەوەشی خستە ڕوو، کە چەند لێژنەیەکی ئه‌ندازه‌یی سەرپەرەشتی کارەکان دەکرێت، هەروەها ئیدارە و قایمقامییەت ڕۆژانە لە نزیکەوە چاودێری کارەکانی بنیاتناوەی بازاڕەکە دەکەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، كه‌ سەرەڕای دوکانە سووتاوەکان، خاوەنی ئەو دوکانانەش، کە دوكانه‌كانیان نەسووتاوه‌، داوایانکردووە دووکانەکانیان بۆ نۆژەن بکرێتەوە، گوتیشی: "دوکانە سووتاوەکان بریتین له‌ دوو هەزار 472 دوکان ، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش هاوکاری تەواو بۆ چاککردنەوەیان دەکات".

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، كه‌ بازاڕەکە بەشێوازی خۆی دروست دەکرێتەوە، له‌گه‌ڵ چاککردنی هەموو گرفتەکان و حسابکرن بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو.











باسنيوز
Top