لە سنووری سلێمانی باندێکی دزیکردن دەستگیر کران

 لە سنووری سلێمانی باندێکی دزیکردن دەستگیر کران
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پاریزگای سلێمانی لە پرێس کۆنفرانسێکدا وێڕای ڕاگەیاندنی هەواڵی دەستگیرکردنی باندێکی دزیکردن لە سنووری سلێمانی، کۆمەلێک ئامار و داتای پەیوەندیدار بە چالاکییەکانی پۆلیسی خستە ڕوو.

سەرکەوت ئەحمەد گوتەبێژی پۆلیسی پاێیزگای سلێمانی گوتی: "پێنج کەس بە تۆمەتی پێکهێنانی گرووپ و باندێکی دزی دەستگیر کراون کە پێکەوە بە ئۆتۆمبێلێکی جامڕەشەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەک و پارەیەکی زۆریان لێی دزیوە".

ئاماژەی بەوەش کرد: "سەرەتا یەکێک لە تۆمەتبارەکان بە بڕیاری دادوەری دەستگیر کرا و لە لێکۆڵینەوەکداندا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە کە خۆی بڕیای پێکهێنانی ئەو باندەی داوە و سەرەنجام پێنج کەس بەو تۆمەتە دەستگیر کراون کە جلوبەرگی سەربازییان لەبەر کردووە و ئەو تاوانەیان ئەنجام داوە و پاش دزین، پارەکەیان دابەش کردووە".

سەرکەوت ئەحمەد ڕاشی گەیاند: "بەو پارە دزراوە کە لە نێوان خۆیان دابەشیان کردووە دوو ئۆتۆمبێل لە جۆری "هیۆندا و ئەڤیۆ"ی پێ کڕدراوە کە ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی تاوان لەگەڵ دوو دەفتەر دۆلار و دەمانچەیەک دەستیان بەسەردا گیراوە".

ئاماژەی بەوەش کرد: "دوو تۆمەتباری دیکەی هاوکاری ئەو باندە دزییە، هەڵاتوون و ئێستاش تیم و مەفرەزەکانی پۆلیس و ئاسایش بەدوای ئەو تاوانبارانەدا دەگەڕێن".

تۆمەتبارێکی دیکەش سەرەڕای ئەوەی کە زانیویە ئەو ئۆتۆمبێلە دزراوە، بەڵام ئۆتۆمبێلەکەی کڕیوە، کە ئەویش دەستگیر کراوە، هاوکات تۆمەتبارێکی دیکە کەلە هەولێر هەڵاتووە و هاتووەتە سلێمانی بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی هەولێر و بەپێی مادەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی فەرماندی دەستگیرکردنی هەبووە، کە ئەویش دەستگیر کراوە.












باسنيوز
Top