یەکێتی بە هۆکاری پێدانی ٤٨ ملیۆن دینارەکەی پەرلەمانتاران لەقەڵەم دەدرێ
بەسام عەلی، شارەزا لە بواری یاسا و بەرپرسی لقی ١٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: ”خانەنشین بە یاسا ڕێکدەخرێت، ئەگەر لە خولی چواری پەرلەماندا بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕێکبخرایە، جا بە نەمانی خانەنشینی، یان ئەو پەرلەمانتارانەی پێش پەرلەمان کاری دیکەیان ھەبوو، بگەڕێندرابانەوە سەر کاری خۆیان، یان ھاوشێوەی عێراق تەمەنێک بۆ خانەنشینیی پەرلەمانتار دیاری بکرایە، ئەوا ئێستا ئەم ناڕەزایەتییانەی لێ نەدەکەوتەوە“.
بەسام عەلی پێیوایە بە ھەموو پێوەرەکان، پێویست دەکات پەرلەمانی کوردستان پێداچوونەوە بە یاسای خانەنشینیدا بکات، ”ھەم پلە تایبەتەکان، ھەم وەزیر، ھەم پەرلەمانتار، ھەم بەڕێوەبەری گشتی ... هتد، بەڵام بەھۆی نەبوونی کۆدەنگی لە ناو پەرلەماندا ئەم پێداچوونەوەیە نەکرا“.
ڕوونیشی کردەوە، پەرلەمانتار خۆی کۆتا فلتەرە بۆ ئەوەی یاسای خانەنشینیی خۆی ڕێکبخات، ئەمەش بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە لەسەر شانی پەرلەمانتارەکان، کە کار لەسەر نەھێشتنی خانەنشینی یان کەم کردنەوەی خانەنشینیی خۆیان بکەن و چاکسازی تێدا بکەن.
بەسام عەلی باسی لە هۆکاری تێنەپەڕاندنی یاسای چاکسازی لە مووچە و خانەنشینیدا کرد و ئاشکرای کرد: ”بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆی حزبە سیاسییەکان، لەبەر ئەوەی بمانەوێ یان نا، پەرلەمانتارەکان کادری حزبن و لەلایەن حزبەکانەوە پابەند دەکرێن بە پێداچوونەوە یان دەرکردنی یاسایەک، ئەوان ناتوانن دژی ھەڵوێستی سەرکردایەتیی حزبەکانیان بوەستنەوە. لەلایەکی دیکەشەوە بەرپرسیارێتیی لەسەر شانی خودی پەرلەمانتارەکاندا هەیە، چونکە پێداچوونەوە بەم پرۆژە یاسایە سەخت نییە، پێویستیشە لەلایەن حزبەکان جۆرێک لە فشار دروست بکرێت بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە ھەموو خانەنشینییەکان بکرێت“.
بەسام عەلی جەختی لەوە کردەوە کە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان تا کۆتایی، پێداگربووە لەسەر تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای چاکسازی لە مووچە و خانەنشینی، بەڵام ئەوکاتە پێویستی بە پشتیوانیی لایەنەکانی دیکە هەبوو.
لە کاتی گفتوگۆکانی پەرلەمان بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساکە، پەرلەمانتارانی یەکێتی بە ئاشکرا دژایەتیی خۆیان بۆ پڕۆژەکە ڕادەگەیاند و لایەنەکانی دیکەش بیانووی جۆراوجۆریان دەهێنایەوە.
پێشتر لە چاوپێکەوتنێکیدا، مەحموود سەنگاوی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەی ئاشکرا کردبوو کە پڕۆژەیاسای چاکسازی لە مووچە و خانەنشینی گەورەترین مەترسی لەسەر یەکێتی درووست دەکات، چونکە مووچەی سەرجەم کادیرانی یەکێتی (کە بە نایاسایی خانەنشین کراون)، لە ئەنجامی یاساکە دەبڕدرێت.
باسنیوز
