پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ یەکێتی: هەرێمی کوردستان تاسەر بە پەنجا بە پەنجا بەڕێوە ناچێت

 پارتی دیموكراتی كوردستان  بۆ یەکێتی: هەرێمی کوردستان تاسەر بە پەنجا بە پەنجا بەڕێوە ناچێت
بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕای گەیاند، پارتی هیچ کاتێک نەیگوتووە لە حکوومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستاندا، بەشداری بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ناکات، بەڵکوو ”بەقەد ٢١ کورسییەکەی خۆی“ مامەڵەی لەگەڵدا دەکات. ئەوەشی نەشاردەوە کە کوردستان تاسەر بە شێوازی پەنجا بە پەنجا بەڕێوە ناچێت.



لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان لەلایەن گەورەترین لیستی پەرلەمانی کوردستان کە پارتییە و خاوەنی ٤٥ کورسیی پەرلەمانە، بڵند ئیسماعیل، بەرپرسی لقی ١٦ی پارتی دیموکراتی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”پارتی نەیگوتووە لە حکوومەتی داھاتووی هەرێمی کوردستاندا بەشداری بە یەکێتی ناکات، بەڵکوو ڕایگەیاندووە کە پارتی بەپێی ٤٥ کورسییەکەی خۆی و یەکێتیش بەپێی ٢١ کورسییەکەی خۆی و لایەنەکانی دیکە بەپێی قەبارەی خۆیان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێ“.



ئەوەشی نەشاردەوە کە ھەرێمی کوردستان تا سەر بە شێوازی پەنجا بە پەنجا بەڕێوە ناچێت، بەڵکوو ”دەبێ خۆمان لەوە ڕابێنین کە بەشی کەسی دیکە نەخۆین“.



بڵند ئیسماعیل ڕوونی کردەوە کە ”برادەرانی یەکێتی پێشتر بەرامبەر گۆڕان لە پۆستی پارێزگاری سلێمانیدا ئەمەیان کرد، ھەرچەندە پۆستەکە ھی گۆڕان بوو، بەڵام یەکێتی بۆ ماوەی چەند ساڵێک پۆستەکەی ڕادەستی گۆڕان نەکرد، پێمان وایە ئەو ھەڵوێستە سیاسییە تا سەر بۆ کەس ناچێتە سەر“.




باسنیوز
Top