”پارتی هیچ شۆڤێنییەک و هیچ خیانەتکارێکی ١٦ی ئۆکتۆبەر بە پارێزگار قەبوڵ ناکا“

  ”پارتی هیچ شۆڤێنییەک و هیچ خیانەتکارێکی ١٦ی ئۆکتۆبەر بە پارێزگار قەبوڵ ناکا“
بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە توندی وەڵامی بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەداتەوە و ڕای دەگەیەنێت کە رەوشەکە بە دڵی کەسێک ناڕوات کە لە ١٦ی ئۆکتۆبەر ”تێکەڵاوی ئەو خیانەتە گەورەیە بووە“.



دکتۆر کەمال کەرکووکی، بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی لە ڕێگەی (باسنیوز)ەوە وەڵامی لێدوانێکی ئاسۆ مامەند، ناسراو بە ئاسۆ ئەڵمانی، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی دایەوە و ئاماژەی بەوە کرد: ”دڵسۆزانی کەرکووک و گشت کوردستان باش دەزانن کێ بوون ئەو کەسانەی کەرکووک و خورماتوویان خستە ئەو بارودۆخەی ئێستا تێیدان. ئەو تاخمەش بە خیانەتکارانی ١٦ ئوکتۆبەر ناسراون“.



لەبارەی تۆمەتەکەی ئاسۆ ئەڵمانی کە گوتبووی پارتی ماوەی ساڵێکە ڕێگە نادات پارێزگارێک بۆ کەرکووک دابنرێت، کەمال کەرکووکی دەپرسێت: ”پارێزگاری کەرکووک دکتۆر نەجمەدین کەریمە کە ھەڵبژێردراوە لە لایەن ئەنجوومەنی پاریزگاکە و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیشە، بۆچی لە شوێنی خۆی نییە؟ ئەنجومەنی پارێزگا و سەرۆکەکەی ڕێبوار تاڵەبانی بۆ لە شوێن خۆیان نیین؟ ئایە ئەوان و گشت ئەو دڵسۆزانەی کە داوا دەکەن ڕەوشی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە ناھەقن؟ یان ئەوانەی کەرکووکیان تەسلیم کرد و خیانەتیان کرد ڕاست دەکەن؟“.



ئاسۆ ئەڵمانی لە لێدوانەکەیدا بۆ میدیاکانی حزبەکەی باسی لەوە کردبوو کە پارتی پێی باشترە شۆڤێنییەک پارێزگار بێت نەک کەسێکی یەکێتی، بەڵام دکتۆر کەمال کەرکووکی نایشارێتەوە: ”ئەم قسەیە ھەوڵدانە بۆ ئەوەی خەڵک چەواشە بکەن، تەعبیر لە ناخی خۆی دەکات، وەکو لە ١٦ی ئۆکتۆبەر تێکەڵاوی ئەو خیانەتە گەورەیە بوون دژ بە گەل و بە خاکی کوردستان، ئێستاش دەیانەوێت دەستە ئارداوییەکەیان بە شانی پارتی بسڕنەوە، نەخێر پارتی ھیچ شۆڤینییەک و ھیچ خیانەتکارێک قەبووڵ ناکات، بەتایبەت خیانەتکارانی ١٦ی ئوکتۆبەر کە ژمارەیەکن لە ناو یەکێتی باش ناسراون“. دووپاتیشی کردەوە: ”جگە لە دکتۆر نەجمەدین کەریم، ناکرێت پارێزگارێکی دیکەی یەکێتی هەبێت، چ گەرەنتی ھەیە ھاوشێوەی ١٦ی ئۆکتۆبەر دووبارە ناکەنەوە؟ ئێمە وەکوو پارتی ھیچ شۆڤێنییەک و ھیچ خیانەتکارێک لەھەر نەتەوەیەک بێت، بە خیانەتکارانی ١٦ی ئۆکتۆبەریشەوە قەبوڵ ناکەین“.



بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی لە لێدوانەکەیدا بۆ (باسنیوز) ڕوونی کردەوە: ”ئاسۆ مامەند ھەوڵ دەدا ١٦ی ئۆکتۆبەر لە بیر خەڵک بباتەوە، ئێمە وەکو پارتی ڕامان وایە دەبێ دۆخی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە، چونکە ئێستا کراوەتە سەربازگەیەکی گەورە. دەمانەوێ دۆخەکە چاک بکرێت، ئینجا ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بگەڕێتەوە شوێنی سرووشتیی خۆی و بڕیاری خۆی بدات. لە ماوەی ڕابردوو نەجمەدین کەریم لەکار دوورخرایەوە، ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیاری دوورخستنەوەکەیان بە دەنگدان ھەڵوەشاندەوە، ئەو بڕیارەیان پووچەڵ کردەوە. بۆیە دکتۆر نەجمەدین وەکوو پارێزگار کە مافی خۆیەتی دەست بەکار بێ، ئەو کارە دەکات یان دەست لەکارکێشانەوەی خۆی ئاراستەی ئەنجومەن دەکات ئەوە بابەتێکی دیکەیە، ئەگەر دەست لەکار کێشانەوەی خۆی پێشکەش کرد و لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک پەسەند کرا، ئینجا دەکرێ کەسێک دەستنیشان بکرێت و لە ئەنجومەن دەنگی تەواو بهێنێت، بە کەیفی ئاسۆ مامەند نییە ھەر کەسیان بووێت، ببێتە پارێزگار“.



هەر لەو لێدوانەیدا دکتۆر کەمال کەرکووک ئاماژەی بەوە کرد کە لە هیچ بڕگەیەکی یاسا یان دەستووری عێراقیدا نەهاتووە پۆستی پارێزگاری کەرکووک وەک پشکی یەکێتی یەکلا بووەتەوە، بەڵکوو زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک ئەوە یەکلا دەکاتەوە کە کێ دەبێتە پارێزگار، نەک یەکێتی“.



ئەوەش ئاشکرا کرد کە ڕای پارتی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک بەم شێوەیەیە:

١- کەسێک بێت لە خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر تێوە نەگلابێت.

٢- کەسێک بێت لەبەر ھەستیاریی باری کەرکووک، لایەنەکان لەسەری ڕێک بکەون و بەدەنگی ئەندامانی ئەنجومەنەکە دیاری بکرێت.

٣- باشترە کەسایەتییەکی بێلایەنی دڵسۆز بێت و پێشتر لەسەری ڕێککەوتن کرابێت.

٤-سەرجەم ئەمانەش پاش ئاسایی کردنەوەی کەرکووک لە ھەموو ڕوویەکەوە.



لە کۆتایی لێدوانەکەشیدا بۆ (باسنیوز) دکتۆر کەمال کەرکووکی جەختی کردەوە: ”ئێمە وەکوو پارتی دیموکراتی کوردستان سوپاسی گەلی کوردستان دەکەین کە بە وەفا بوون بۆ دڵسۆزانی گەلەکەمان و دەنگی باشیان بە پارتی دا، بەو هۆیەش لە سەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان وەکوو حزب یەکەم بووین. بۆیە سەرجەم پۆستەکانمان پۆستی گەلی کوردستانە نەک تەنھا پۆستی پارتی بێت، چونکە پارتی بیر لە بەرژەوەندیی گەلی کوردستان دەکاتەوە نەک بە بیری تەسکی حزبایەتی وەکوو ئاسۆ مامەند و حزبەکەی“.




باسنیوز
Top