دانەوەی قەرزی بەڵێندەران، جووڵەی خستووەتە بازاڕەوە

دانەوەی قەرزی بەڵێندەران، جووڵەی خستووەتە بازاڕەوە
وەزارەتی دارایی، بە بڕیاری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، 100 ملیۆن دۆلاری بۆ بەڵێندەران تەرخان كرد، كە هەر بەڵێندەرێك دەتوانێت بڕی 15%ی پارەكەی لە بانكەكان وەربگرێتەوە، بەڵێندەرانیش بە هەنگاوێكی گرینگی دەزانن و داوا دەكەن مانگانە بەردەوام بێت.

شێخ بەختیار، بەڵێندەری كارەبا، لەبارەی دانەوەی قەرزی %15ی بەڵێندەران لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، دەڵێ: "ئەمە هەنگاوێكی گرینگە و ئومێدێكی دایەوە بە بەڵێندەران كە بتوانن ئەو قەرزانەی لەسەریانە بیدەنەوە و هەروەها ئەو پڕۆژانەیشیان كە وەستابوون، دەستیان پێ بكەنەوە، بۆیە لە ئێستادا جووڵەیەكی زۆر كەوتووەتە بازاڕەوە".

ئەو 100 ملیۆن دۆلارەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەڵێندەرانی خەرج كرد، 43%ـی بۆ بەڵێندەرانی پارێزگاكانی هەڵەبجە و سلێمانییە و %57 بۆ هەریەكە لە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆكە، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بڕیاری داوە هەڵمەتی ئاوەدانكردنەوەی كوردستان دەست پێبكاتەوە كە بە هۆكاری شەڕی تیرۆریستانی داعش و بڕینی بودجەی كوردستان لە لایەن حكوومەتی عێراقەوە، پڕۆژەكان وەسێندرابوون.

بەڵێندەران دەڵێن، خەرجكردنی پارە ئومێد بۆ بەڵێندەران دەگەڕێنێتەوە و جووڵەیەكی زۆر باشی خستووەتە بازاڕەكانی كوردستان و هەلی كار بۆ هەزاران كرێكار و كاسب دەڕەخسێت، كە بە هۆی قەیرانی داراییەوە كارەكانیان لە دەست دابوو.

لوقمان ئەحمەد، بەڵێندەری بیناسازی، لای خۆیەوە گوتی: "ئێمەی بەڵێندەران دەستخۆشی لە سەرۆكی حكوومەت و جێگرەكەی دەكەین، كە ئەو بڕیارە گرینگەیان دا بە خەرجكردنی بڕەپارەیەكی باش بۆ بەڵێندەران، بۆ ئەوەی بتواندرێت ئەو پڕۆژانەی كە بە هۆی بێپارەییەوە پەكیان كەوتبوو، كاركردن تێیاندا دەست پێ بكاتەوە".

ئەحمەد ئاماژەی دا، لە دانەوەی قەرزی بەڵێندەران لە بانكەكان چەند جۆرێك ڕۆتینات دێتە پێشیان، بۆیە داوا دەكەن ئەو ڕۆتیناتە لە بەردەمیان نەمێنێت و لە كاتی خۆیدا ئەو پارەیە وەربگرن، "هیواخوازین مانگانە دابینكردنی پارە بۆ بەڵێندەران بەردەوام بێت و دەستی حكوومەت زیاتر بۆ بەڵێندەران كراوە بێت".
kdp-
Top