فڕاكسیۆنی پارتی: یادداشتێكی ٢١خاڵیمان داوه‌ به‌ سەرۆكوەزیران

	 فڕاكسیۆنی پارتی: یادداشتێكی ٢١خاڵیمان داوه‌ به‌ سەرۆكوەزیران
سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، یادداشتێكی ٢١خاڵییان وەك تێبینی و داواكاریی كورد لەسەر كارنامەی حكوومەتی نوێی عێراق، پێشكەشی سەرۆكوەزیران كردووە و چاوەڕێی وەڵامی ئەوان دەكەن.

د. ڤیان سەبری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە وەك فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، یادداشتێكی ٢١خاڵیمان لە سێ لاپەڕەدا كە تەواوی مافەكانی كورد لە خۆ دەگرێت، پێشكەشی سەرۆكوەزیران كردووە بۆ ئەوەی لە كارنامەی حكوومەتی نوێدا جێگیر بكرێت و جێبەجێ بكرێت، لە ئێستایشدا چاوەڕێی وەڵامی ئەوان سەبارەت بە داواكارییەكانی خۆمان دەكەین، بەڵام ھێشتا كۆبوونەوەی پەرلەمان نەكراوە تا بزانین چ وەڵامێكی بۆ داواكاریی ئێمە دەبێت".

سەبری گوتیشی: "ئەو یادداشتەی ئێمە ھەموو ماددە دەستوورییەكانی وەك ماددەكانی ١٤٠ و ١٠٥، ئەنجوومەنی باڵای فیدراڵی و پێشمەرگە و مافی جووتیاران، قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری ئەنفال و شەھیدان و بەكارنەھێنانی سوپا دژی ئێمە، ڕێزگرتن لە فیدراڵییەت و جێبەجێكردنی شەراكەت و ھاوسەنگی و تەوافوق و مافی گەلی كورد لە پۆستە سیادی و سەربازی و باڵیۆزخانەكانی لە خۆ گرتووە، بۆیە ھەم بە قسە و هەم بە یادداشتیش داومانەتە سەرۆكوەزیران و پێویستە ئەمە بكاتە بەندێكی سەرەكیی كارنامەی حكوومەت و ناكرێت پشتگوێ بخرێت".

دەشڵێ: "ئێمە دەمانەوێت كێشەكانی خۆمان لەگەڵ بەغدا بە دانوستان چارە بكەین، چونكە چارەكردنی كێشەكان بە دانوستان دەكرێت، قۆناغی ئێستایش، قۆناغی پێشكەشكردنی یادداشت و دانوستانە".
kdp-
Top