لە سنووری کرماشان سێ کۆڵبەری دیکە بوونە قوربانی

 لە سنووری کرماشان سێ کۆڵبەری دیکە بوونە قوربانی
لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری پارێزگای کرماشان، سێ کۆڵبەری دیکەی کورد بوونە قوربانی.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی (هەنگاو) ئەمڕۆ شەممە 2018/11/3 هێزەکانی سوپای پاسداران لە سنووری (شێخ‌سڵە)ی شاری (سەلاسی باوەجانی)ی سەر بە کرماشان تەقەیان لە پۆلێک لە کۆلبەران کردووە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێک گیانی لەدەست داوە و دوو کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە لە ئەنجامی ئەو دەستڕێژەدا کۆڵبەرێک بە ناوی "بروومەند بەهرامی" کوژراوە.

هاوکات دوو کۆڵبەری دیکەش بە ناوەکانی ”ئەرکان بەهرامی“ و ”هۆشیار نەمامی“ بە سەختی بریندار بوون.

ئەو دوو کۆڵبەرە بریندارە گوازراونەتەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی سەلاسی باوەجانی.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی (هەنگاو) لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینی (ئۆکتۆبر) ٢٥ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان بوونەتە قوربانی کە ٧ کەسیان گیانیان لەدەست داوە.












باسنيوز
Top