نێچیرڤان بارزانی هێرشکردنە سەر مەسیحییەکانی میسر ئیدانە دەکات

 نێچیرڤان بارزانی هێرشکردنە سەر مەسیحییەکانی میسر ئیدانە دەکات
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێک لەبارەی هێرشکردنە سەر مەسیحییەکانی میسر بڵاو دەکاتەوە.



لە پەیامێکدا، کە رۆژی شەممە 3/11/2018 دەری کردووە و وێنەیەکی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە دەکات.



نێچیرڤان بارزانی وێڕای ناردنی سەرەخۆشی بۆ کەسوکاری قوربانییان و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان، هاوسۆزیی گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ مەسیحییەکانی ئەو وڵاتە دەربڕیوە.



سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کەوتووەتە بە بەرپرسیارێتییەکی گەورە بۆ یەکخستنی تواناکان و لەناوبردنی رێکخراوی تیرۆریستی داعش و تیرۆر بە گشتی.



مەسیحییەکان لە میسر و وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (جگە لە کوردستان)، بەردەوام رووبەڕووی دەستدرێژی، کوشتن و کردەی تیرۆریستی دەبنەوە.



رۆژی هەینی 2/11/2018، ژمارەیەک چەکدار هێرشیان کردە سەر پاسێکی گواستنەوەی مەسیحییەکان لە نزیک کەنیسەی ئەلئەنبا سامۆئیل لە پارێزگای ئەلمەنیا لە باشووری میسر.



بەپێی دوایین زانیاری، بەهۆی هێرشەکەوە حەوت هاووڵاتیی مەسیحی گیانیان لەدەست داوە و 13 هاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون.




باسنیوز
Top