سەرۆکی نوێی بەرازیل: باڵیۆزخانەمان دەگوازینەوە قودس
جایر بۆلسونارۆ، کە بە دۆناڵد ترەمپی ئەو وڵاتە دەناسرێ، لە میانی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا رایگەیاندبوو، کە ئەگەر ببێ بە سەرۆکی وڵات، ئەواباڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە ئیسرائیل، لە تەل ئەڤیڤەوە دەگوازێتەوە ئۆرشەلیم.
جایر بۆلسونارۆ (تەمەن 63 ساڵ)، کە بە راستڕەو، دژە ژن و پارێزگار دەناسرێ، رۆژی یەکشەممەی رابردوو وەک هەشتەمین سەرۆکی بەرازیل، هەڵبژێردرا و یەکەم لێدوانیشی، گواستنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی بوو بۆ ئۆرشەلیم.
لە دژی ئەو بڕیار و هەوڵەی سەرۆکی نوێی بەرازیل، حەنان عەشراوی، ئەندامی لێژنەی جێبەجێکاری رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستینی رایگەیاندووە، ئەو بڕیارەی بۆلسونارۆ ”هەنگاوێکی شەڕانگێزیی نایاساییە و دەچێتە چوارچێوەی بەزاندنی یاسا نێودەوڵەتییەکان“.
تا ئێستا تەنیا هەردوو وڵاتی گواتیمالا و ئەمریکا دانیان بەوەدا ناوە، کە ئۆرشەلیم پایتەختی ئیسرائیلە و باڵیۆزخانەکانیان گواستووەتەوە ئەو شارە.
ئێوارەی رۆژی 6/12/2017، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری گواستنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە ئیسرائیل لە تەل ئەڤیڤەوە بۆ ئۆرشەلیم دەرکرد و لە بڕیارەکەدا شاری ئۆرشەلیمی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساند و رۆژی دووشەممە 14/5/2018، بە ئامادەبوونی ئیڤانکا ترەمپ، کچ و راوێژکاری دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، باڵیۆزخانەکە گوازرایەوە.
هەروەها رۆژی چوارشەممە 16/5/2018، بە ئامادەبوونی جیمی مۆرالیسی سەرۆکی گواتیمالا و بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، باڵیۆزخانەی گواتیمالا لە کۆمەڵگەیەکی ئیداری لە ئۆرشەلیم کرایەوە.
ئەو بڕیارەی سەرۆکی ئەمریکا بووە هۆی ناڕەزایی توندی وڵاتانی عەرەبی و رایانگەیاند، کە ئۆرشەلیم پایتەختی فەلەستینە نەک ئیسرائیل.
ئیسرائیل وڵاتێکی جوولەکەنشینە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە هەشت ملیۆن کەسە. لە ساڵی 1948 دامەزراوە و بە وڵاتانی لوبنان لە باکوور، سووریا، ئوردن و ئیدارەی فەلەستین لە رۆژهەڵات و میسر لە باشوور، دەورە دراوە.
وڵاتانی عەرەبی پێیان وایە ئیسرائیل لەسەر خاکی فەلەستین دامەزراوە و بە یەکێک لە دوژمنە سەرەکییەکانی خۆیانی هەژمار دەکەن.
باسنیوز
