بەندیخانەکانی رۆژئاوای کوردستان پڕن لە ژن و منداڵی داعش
هاوسهرۆكی كۆمیتهی دهرهوهی كانتۆنی جهزیرە، ئاشکرای دەکات ژمارەیەکی زۆر ژن و منداڵی بیانی لەناو بەندیخانەکانی رۆژئاوای کوردستاندان، بەڵام تاوەکو ئێستا ھیچ وڵاتێك پەیوەندیان پێیانهوە نەکردووە.
عهبدولکەریم عومهر، هاوسهرۆكی كۆمیتهی دهرهوهی كانتۆنی جهزیرە گوت: "ژمارەیەكی زۆر چەكدارانی داعش و ژن و منداڵەكانیان، لە بەندیخانەكانی رۆژئاوای كوردستانن، ئەوە بووەتە بارێكی گران بۆ ئێمە، كە لە 790 چەكداری داعشی بیانی و 548 ژن و ھەزار و 248 مناڵ پێکھاتوون".
گوتیشی: "لەو كۆنفرانسەدا داوامان لە وڵاتانی ئەوروپا و رای گشتی ئەورپا كرد، بێن بەرپرسیاریەتی ژن و منداڵەكانی داعش كە لای ئێمە بگرنە ئەستۆ".
مامۆستایەکی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی برۆکسێل، داوا لەبەرپرسانی بەلجیکا و ئەوروپا دەکات بەزوترین کات پەیوەندی بکەن بە رۆژئاوای کوردستان، بۆ گهڕانەوەی ژن و منداڵە ئەوروپییەکانی ناو داعش.
گێریت لوتس، مامۆستای زانکۆی برۆکسێل دەڵێت: "سەردانی ناوچەکەمان کرد و بینیمان ئەم منداڵانە لە چ بارودۆخێکدا دەژین، ئامۆژگاری من بۆ حکوومەتی بەلجیکا و هەموو وڵاتانی ئەوروپی ئەوەیە کە بە زووترین کات ئەم منداڵانە وەربگرنەوە. زۆربەی منداڵەکان یان ساوان یان تەمەنیان تا شەش ساڵ دەبێت. ئەوان لە رووی جەستەیی و دەروونییەوە پێویستیان هەیە. ئەرکی حکوومەت و هاووڵاتییانە کە ئەم منداڵانە بگەڕێینەوە و ئەو ژیانەیان پێ ببەخشن کە شایانی ئەوانە".
k24-
