بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان: سکاڵا لەسەر پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک دەکەین

	 بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان: سکاڵا لەسەر پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک دەکەین
بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان گوتی، پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت ڕەزامەندیی داوە ٨١ خێزانی عەرەب بێنە سەرگەڕان و بەکارھێنانی زەوی کوردەکانیشی لە ١٢ گوند قەدەغە کردووە، بۆیە بڕیارمان داوە سکاڵای لەسەر تۆمار بکەین.

لوقمان حوسێن، بەڕێوەبەری ناحیەی سەرگەڕان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت بەردەوامە لەسەر پرۆسەی تەعریب و ئێستا ڕەزامەندیی داوە و نووسراوی بۆ ٨١ خێزانی عەرەب کردووە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ سەرگەڕان و جگە لەوەش، بڕیاری داوە کوردی ١٢ گوند نابێت بۆ ئەمساڵ زەوییەکانیان بەکار بێنن، لە کاتێکدا ئەو عەرەبانە ھەمووان قەرەبووکراونەتەوە بە پێی ماددەی ١٤٠ی دەستوری عێراق و خاوەنی ڕەسەنی زەوییەکانی کوردن، نەک عەرەبەکان."

لوقمان حوسێن گوتیشی: "بە ھۆی پێشێلکردنی دەستووری عێراق لەدادگای ئیداریی بەغدا سکاڵا لەسەر پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت تۆمار دەکەین و پەرلەمانیش بڕیاری داوە بانگھێشتی پەرلەمانی بکات و لێپرسینەوەی لەگەڵ بکات، بۆیە بە ھۆی ئەو فشارەی لەسەرمان دروست کردوون، ئێستا باس لەوە دەکرێت لەو بڕیارانەی داویەتی پاشگەز بووەتەوە."
kdp -
Top