پێشنیاز كراوه‌ لێپریسنەوە لەو كەمتەرخەمیانه‌ بكرێت، كە بوونەتە هۆی دروستبوونەوەی داعش

پێشنیاز كراوه‌ لێپریسنەوە لەو كەمتەرخەمیانه‌ بكرێت، كە بوونەتە هۆی دروستبوونەوەی داعش
رێكخراوی تیرۆریستیی داعش، لە شێوەی گرووپی دەستوەشێن دروست بوونەتەوە و چەندین كاری تیرۆریستی و كوشتن و رفاندیان لە سنووری پارێزگای كەركووك و دەوروبەری ئەنجام داوە، بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای كەركووكی هێزەكانی پێشەمەرگەیش دەڵێ، ئەو گرووپانە لە دبس و هەندێ ناوچەی دیكە هەن و لەوان دوورن، بەڕێوەبەری گشتیی راگەیاندن و هۆشیاریی نیشتیمانی لە وەزارەتی پێشمەرگەش، رایدەگەێنێت، لەگەڵ هاوپەیمانان لەسەر ئەو پرسە كۆ بوونەتەوە.

سەرهەڵدانەوەی داعش لە شێوەی گرووپی دەستوەشێن لە ناوچە جیاكانی عێراق، چاوەڕوانكراو بوو، بەو پێیەی ئەو رێكخراوە لە دوای لەدەستدانی ئەو شوێنانەی حوكمڕانیی تێدا دەكرد، ستراتیژییەتی خۆی گۆڕی لە دەستبەسەرداگرتنی شوێنەوە بۆ دەستوەشاندن.

نووری حەمەعەلی، بەرپرسی میحوەری رۆژئاوای كەركووكی هێزەكانی پێشمەرگە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایگەیاند: "داعش لە شێوەی گرووپ لە ناوچەكانی سنووری كەركووك دروست بوونەتەوە و چەندین كاری بۆمبڕێژكردن و تەقاندنەوەی ئوتۆمبێل و رفاندن و كوشتنیان لەو سنوورانە ئەنجام داوە".

بەرپرسەكەی میحوەری رۆژئاوای كەركووك، جەختی لە نەبوونی مەترسیی ئەو گرووپە تیرۆریستیانەی داعش لەسەر هەرێمی كوردستان كردەوە، بەو پێیەی نەیانتوانیوە و نایشتوانن لە سنووری میحوەری ئەواندا خۆیان رێك بخەنەوە، "هێزەكانی پێشمەرگە چاوكراوەن و هەمیشە میحوەرەكەمان لە ژێر چاودێرییەكی وردی پێشمەرگەكاندایە، ئەو گرووپانە لە دبس و ئەو ناوچانەی دیكە بوونیان هەیە و لە ئێمەوە دوورن".

لە ئابی ٢٠١٤ـدا، رێكخراوی تیرۆریستی داعش توانی بەشێكی زۆری خاكی عێراق بگرێت و، نزیكەی ٤ ساڵ حوكمڕانیی ئەو ناوچانە بكەن، بەو هۆیەیشەوە چەندین شوێنیان بۆ شاردنەوەی چەكدارەكانیان و چەكە سووك و قورسەكانیان دروست كرد، ئێستایش سوود لەو شوێنانە وەردەگرنەوە، كە لە شێوەی گرووپی دەستوەشێن خۆیان رێك خستووەتەوە.

دیارترین شوێنی خۆحەشاردانی پاشماوەی چەكدارەكانیان، سنووری حەمرین تا ناوچەكانی دیالە و كەركووك و تكریت و خورماتوون، هەر بۆیەیشە لە دوای خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەر، رەوشی ئەمنی لەو ناوچانە و بە تایبەت ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ناجێگیرە و ناوە ناوە پەلاماری داعش بوونیان هەیە، چ لە رووی گرووپی چەكدارییەوە، چ لە بۆمبڕێژكردنی ئۆتۆمبێل و تەقاندنەوەیان لەو ناوچانەدا.
kdp-
Top