قایمقامی ھەولێر: نۆژەنكردنەوەی دووكانەكانی لەنگە بە شێوەیەكی مۆدێرن دەستی پێكردووە

	 قایمقامی ھەولێر: نۆژەنكردنەوەی دووكانەكانی لەنگە بە شێوەیەكی مۆدێرن دەستی پێكردووە
قایمقامی ناوەندیی ھەولێر دەڵێ، لیژنەی قەرەبووكردنەوەی خاوەنی دووكانە سووتاوەكانی بازاڕی لەنگە دەستبەكار بووە و، نۆژەنكردنەوەی دووكانەكانیش بە شێوەیەكی مۆدێرن دەستی پێكردووە.

لە چەند رۆژی ڕابردوودا، بە ھۆی شۆرتی كارەباوە ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر بەربوو و بووە ھۆی ئەوەی كە ھەزار و٨٠٠ دووكان بسووتێن، حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش بڕیاری دا لیژنەیەك بۆ قەرەبووكردنەوەی خاوەنی دووكانە سووتاوەكان دروست بكرێت.

پێوەست بەم پرسە، قایمقامی قەزای ناوەندیی ھەولێر، نەبەز عەبدولحەمید، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لیژنەیەك بۆ قەرەبووكردنەوە و نۆژەنكردنەوەی دووكانە سووتاوەكانی لەنگە دەستبەكار بووە و دەست بە نۆژەنكردنەوەی دووكانەكان كراوە، لە ئێستایشدا وەكوو ھەنگاوی یەكەم، ئاو و ئاوەڕۆیان بۆ دروست دەكرێتەوە و كارەبا دابین دەكرێت و ئاگرگوژێنەوە دادەنرێت، هەروەها رێگاوبانەكان چاك دەكرێنەوە و خەڵكیش ھەر یەكەو دووكانی خۆی نۆژەن دەكاتەوە و حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش ھەموو ھاوكارییەكیان دەكات لە ڕووی ماددییەوە بۆ نۆژەنكردنەوە".

عەبدولحەمید گوتیشی، تا ئێستا نازانرێت زیانەكان چەندن، لەبەر ئەوەی ھەر دووكانە و بە جۆرێك زیانی بەركەوتووە، بۆیە ئەمە لە كۆتاییدا دەردەكەوێت و لیژنەیەك بۆ ئەو مەبەستە پێك ھاتووە.
kdp-
Top