لە داقووق عەرەبە هاوردەکان بە چەکەوە هەڵدەکوتنە سەر جووتیارانی کورد
نەقیب گۆران عەبدوڵا، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی کەرکووک، ڕايگەیاند: ”بە پێی ئەو زانیاریانەی دەست ئێمە کەوتوون، ئەو عەرەبە هاوردانەی کە پێش پرۆسەی ئازادی عێراق لە سنوورەکەدا نیشتەجێ کرابوون و دواتر بە پێی مادەی ١٤٠ی دەستوور قەرەبوو کرابوونەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 1\11\2018، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە تۆوکردنی جووتیارانی کورد، بە چەکەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر یەکێک لە گوندەکانی سنووری شارۆچکەی داقوق و بەو هۆیەشەوە شەڕ و پێکدادان دروست بووە“.
بەرپرسەکەی ئاسایشی کەرکووک، ئەوەشی خستە روو، کە ئامانج لە ئەو شەڕەش چۆڵکردنی گوندە کوردنشینەکانە، بۆ ئەوەی لە وەرزی تۆوچاندندا گوندەکانیان چۆڵ بکەن.
باسیشی لە بێدەنگی هێزی یەکێتی لە سنوورەکەدا کرد و گوتیشی: ”بەداخەوە ئەو دەسەڵاتە کوردییەی لەوێیە هیچ کاردانەوەیەکیان لەبەرامبەر ئەم ئاڵۆزییانە نەبووە“.
نەقیب گۆران عەبدوڵا، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی کەرکووک، ئاماژەی بەوەش دا، کە ماوەیەک لەمەوبەر لەلایەن فەرمانگەی کشتوکاڵ و دادگای داقووقەوە داوای گەڕاندنەوەی زەوییەکان بۆ عەرەبەکان کراوە، لە کاتێکدا زەوییەکان لە بنەڕەتدا هی کوردە و تاپۆی بەناوی کوردەکانەوەیە، بۆیە ئەم هەوڵە مەترسییەکی گەورەیە بۆ گۆڕینی دیموگرافیای شارەکە.
باسنيوز
