حکوومەت هۆشداریی دەداتە خاوەن پاڵاوگەکان
سامی جەلال، سەرۆکی لێژنەی باڵای داخستنی پاڵاوگەکان رایگەیاندووە، دوو لیست دراوەتە لێژنەکەی، کە لیستی یەکەم ناوی 28 پاڵاوگەی نەوت و گازی تێدایە، ئەو پاڵاوگانە بەشێوەیەکی یاسایی کراونەتەوە، بەڵام مەرجەکانی حکوومەت جێبەجێ ناکەن.
سامی جەلال، کە لێدوانێکی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان داوە، هۆشداریی داوەتە خاوەن ئەو پاڵاوگە یاساییانە و رایگەیاندووە، ئەگەر ”لە کاتی دیاریکراودا پابەندی مەرجەکانی حکوومەت نەبن، ئەوا سزا دەدرێن“.
سەرۆکی لێژنەی باڵای داخستنی پاڵاوگەکان هەروەها رایگەیاندووە، لە لیستی دووەم دا، ناوی 164 پاڵاوگە نووسراوە، کە بەشێوەیەکی نایاسایی کراونەتەوە و لێژنەکەش هۆشداریی دەداتە خاوەنی ئەو پاڵاوگانە، کە ”لە ماوەی 60 ڕۆژدا پاڵاوگەکانیان دابخەن، ئەگەر لەو ماوەیەدا دانەخرێن ئەوا ھێزێکی ئەمنی بە زەبری ھێز دایاندەخات و لەگەل زەوی یەکسان دەکرێن“.
باسنيوز
