شاندی پارتی و نوێنه‌ری سه‌رۆكی رووسیا جەختیان لە پێشخستنی پێوەندییەکان کردەوە

 شاندی پارتی و نوێنه‌ری سه‌رۆكی رووسیا جەختیان لە پێشخستنی پێوەندییەکان کردەوە
شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ھۆشیار سیوەیلی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەگەڵ نوێنەری ڤلادیمێر پووتین سه‌رۆكی رووسیا کۆ بوونەوە.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 30/10/2018، لە باڵاخانەی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، میخایل بەگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا و نوێنەری تایبەتی ڤلادیمێر پووتین بۆ کارووباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، له‌گه‌ڵ شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆ بووەوە.
‌پاش کۆبوونەوەی نێوانیان، ھۆشیار سیوەیلی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە کوردستان ٢٤ـی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەیاندا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ رووسیا و رەوشی سیاسیی ناوچەکە و هەرێمی کوردستانیان خستووەتە بەر باسەوە.

جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا دۆستێکی نزیکی گەلی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانە. سیوەیلی لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵیدا گوتی، "داوامان کرد ڕووسیای فیدراڵ زیاتر هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکات و پێوەندییەکان بە تایبەت لە بواری پەرەپێدانی ئابووری و وەبەرهێناندا برەوی پێ بدرێ."

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان زیاتری لەوبارەوە دوا و گوتیشی، داوایان لەسەر ئاستی ڕووسیای فیدراڵ و هەرێمی کوردستاندا، پێوەندییەکان لەسەر ئاستی سیاسییش برەوی پێ بدرێ کە دواجار لە بەرژەوەندییی هەردوو لادا دەبێ.
هۆشیار سیوەیلی داوایشی لەو دۆستە نزیکەی کورد کردووە، سەنتەری بارزانی لە ڕووسیا بکرێتەوە و جێگری وەزیر هاوکار بێت لە زوو کردنەوەی ئەو سەنتەرە کە وەک ئەو دەڵێ، هۆکار دەبێ لە بەرەوپێشبردنی پێوەندییەکان و میخایل بەگدانۆڤ بەڵێنی هاوکاریی داوە.
kdp -
Top