ڤیان سەبری: ناوی كاندیدی خۆمان پێشكەش كردووە، چاوەڕێی ئەنجامی گفتوگۆكان دەكەین
ئێوارەی رۆژی 24ی ئۆكتۆبەر، دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان بە كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق بەڕێوە چوو و، 14 وەزیر متمانەی پەرلەمانیان بە دەست هێنا و دەنگدان بۆ 8 وەزارەتیش بۆ ڕێككەوتی 6ی مانگی دابێ دوا خرا.
سەبارەت بە یەكلاكردنەوەی ئەو 8 وەزارەتەی ماون، د. ڤیان سەبری، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پاش ئەوەی لە دانیشتنی حەفتەی ڕابردوودا 14 وەزارەت پەسەند كران و 8 وەزارەتیش ماون، لە ئێستادا گفتوگۆ بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو وەزارەتانە بەردەوامە بۆ ئەوەی تا رۆژی 6ی مانگی دابێ ئەو 8 وەزارەتەیش پەسەند بكرێن."
پارتی دیموكراتی كوردستان لەو 14 وەزارەتەی هاتنە پەسەندكردن، دوو وەزارەتی بەركەوت، لەوانەش وەزارەتی دارایی و ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێبوون. لەبارەی وەرگرتنی وەزارەتێكی تریش لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، د. ڤیان ڕوونی كردەوە: "بە گوێرەی خاڵ و بەدەستهێنانی كورسی لە هەڵبژاردن، وەك پارتی دیموكراتی كوردستان بە مافی خۆمانی دەزانین وەزارەتێكی دیكە لەو هەشت وەزارەتەی ماون وەربگرین، بۆ ئەو مەبەستەیش ناوی كاندیدی خۆمان پێشكەش كردووە و چاوەڕێی ئەنجامی گفتوگۆكان دەكەین."
پێوەست بە پێشكەشكردنی بەرنامەی پارتی بۆ حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی، سەبری گوتی :"دوای ئەوەی جێگری سەرۆكی پەرلەمان حەسەن كەریم كەعبی لەگەڵ سەرۆكی فڕاكسیۆنەكانی پەرلەمان دانیشت بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی بەرنامەی حكوومەت و چاودێریكردنی جێبەجێكردنی بەرنامەكە، ئێمەیش وەك پارتی بەرنامەی خۆمان پێشكەشی كرد، بۆ ئەوەی بیدات بە سەرۆكوەزیران، چونكە كارنامەكە بۆ 100 رۆژە، لەگەڵ ئەوەیشدا لیژنەیەك دروست كراوە لە سەرۆكی فڕاكسیۆنەكان و جێگری سەرۆكی پەرلەمان بۆ چاودێریكردنی جێبەجێكردنی بەرنامەكە، لە نێو لیژنەكانی پەرلەمانیشدا، یەكێكیان لیژنەی بەدواداچوون و جێبەجێكردنی بەرنامەی حكوومەتە".
kdp-
