خەڵكی كوردستان باوەڕیان بە بەڵێنەكانی عەبادی نەماوە
خەڵكی هەرێمی كوردستان باوەڕیان بە حكوومەتی عێراق نەماوە و، بەڵێنەكانی حەیدەر عەبادییش بۆ خەڵكی كوردستان مایەی نیگەرانین، چونكە هیچ یەكێك لەو بەڵێنانە نەچوونەتە واری جێبەجێكردنەوە، بە تایبەت ئەوەی پەیوەندی بە میزانییە و بوودجەی گشتیی كوردستانەوە هەیە، كە بڕیار بوو پشكی هەرێمی كوردستان لە بوودجەی گشتیی 2018ی عێراق، 17% بێت، بەڵام لە ئێستادا حكوومەتی عێراق بەنیازە ئەو پشكە كەم بكاتەوە بۆ %12 و، بەو هۆیەیشەوە چەندین جار فڕاكسیۆنە كوردستانییەكان بایكۆتی دانیشتنی پەرلەمانی عێراقیان كردووە.
مامۆستا سیروان محەممەد ئەمین، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت، "هیچ بەڵێنێكی حەیدەر عەبادی بەم شێوەیە جێبەجێ ناكرێت، چونكە لەجیاتی ئەوەی پەنا بباتە بەر هەنگاوی پڕاكتیكی، دێت لە رێگای راگەیاندنەكانەوە قسە دەكات. جگە لەوەش هەنگاوی پڕاكتیكی لەو بارەیەوە نەنراوە و، كار نەكراوە بۆ ئەوەی متمانەی نێوان هەردوولا بگەڕێتەوە."
شێرزاد حەمەعەلی، كە كاسبكارە لە شاری هەولێر، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، "ناكرێت عێراق بە چاوی پلەدوو سەیری هاووڵاتیانی كوردستان بكات، بەڵام ئێستا ئەوەی دەبینرێت بەو جۆرەیە. بۆیە دەبێ بپرسین، بۆچی فەرمانبەری هەرێمی كوردستان وەك فەرمانبەری عێراق شاییستەی داراییان نییە؟ بۆچی بوودجەی كوردستان لە بەغداوە بە فەرمانێكی سیاسی نانێردرێت؟ لە كاتێكدا ئەمە دروستكردنی جیاوازییە لە نێوان پێكهاتەكانی عێراقدا".
بە گوتەی ئەو كاسبكارە، خەڵكی كوردستان هیچ متمانەیەكیان بە حكوومەتی عێراق نەماوە و بەغدا نەیتوانیوە ببێتە حكوومەتێكی نیشتیمانی، كە هەموو خەڵكی عێراق بە یەك چاو سەیر بكات.
هاوكات د. مەدحەد سلێمان، راوێژكاری پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ، "عەبادی لێدوانی هەفتانەی كردووەتەوە پیشە و تەنیا لێدوان دەدات، عەرەبەكانی عێراقیش متمانەیان بە عەبادی نەماوە، ئەوەی دەیكات بانگشەەی هەڵبژاردنە، وردبینیكردنی مووچەی فەرمانبەران و نەكردنەوەی فڕۆكەخانەكان تەنیا كاتكوشتنە، خەڵكیش ئەوە باش دەزانێت تا هەڵبژاردنەكانی داهاتوو مووچە ئەستەمە بنێردرێت، بۆیە من وەك خۆم باوەڕم نییە ئەوەی عەبادی بانگەشەی بۆ دەكات، جێبەجێی بكات".
سلێمان هەروەها ئەوەیشی خستە ڕوو، تا ئێستا بەغدا هیچ بڕەپارەیەكی نەداوەتە هەرێمی كوردستان، لە كاتێكدا پێشتر بوودجە 17% بووە و، ئێستایش قسە لەسەر كەمكردنەوەی دەكرێت، بۆیە عەبادی بۆ ئەوەی دەنگەكانی كەم نەكەن لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراقدا، نایەتە ژێر باری بەڵێنەكانییەوە، چونكە شەقامی عەرەبی دژی كوردستانە.
ئەو راوێژكارەی پەرلەمانی كوردستان دەشڵێت، بەغدا بەو ڕەفتارانەی، دەیەوێت سازش بە كوردستان بكات.
kdp-
