بەرپرسێکی یەکێتی: کۆسرەت ڕەسوڵ مافی خۆیەتی ڕۆڵی سکرتێری گشتی بگێڕێت

 بەرپرسێکی یەکێتی: کۆسرەت ڕەسوڵ مافی خۆیەتی ڕۆڵی سکرتێری گشتی بگێڕێت
بەرپرسێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئاماژە بەوە دەدات کە کۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی، ”مافی خۆیەتی ڕۆڵی سکرتێری گشتی ئەو حزبە بگێڕێت“.

حەمە ھەژار، پێشمەرگەی دێرین و ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند: "کۆسرەت ڕەسوڵ کە ئێستا جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتییە، ھەموو مافێکی ئەوەی ھەیە کە ڕۆڵی سکرتێری گشتی بگێڕی و بەشێکی زۆری دەسەڵاتەکانی سکرتێری گشتیی یەکێتی بەکاربھێنێت".

ئەو بەرپرسەی یەکێتی، ئەوەشی خستە ڕوو کە کۆسرەت رەسوڵ، یەکێکە لە سەرکردە تێکۆشەرەکانی یەکێتی، ”ئەو ھەموو تەمەنی خۆی لەپێناو یەکێتی و چەپکە گوڵەکەی جەلال تاڵەبانی بەسەر بردووە، بۆیە ئومێدێکی زۆرکان بەو ھەیە کە یەکێتی ھەڵبسێنێتەوە و ھەمووان دڵمان پێی خۆشە و شانازی پێوە دەکەن“.

باسیشی لەوە کرد کە ھەرچەندە یەکێتی چەند کێشەیەکی ناوخۆی ھەیە، بەڵام یەکێتیی وەک خۆی دەمێنێتەوە. گوتیشی: ”ھەموومان چاومان لەسەر ئەوەیە کە یەکێتی بکەینەوە بە یەکێتییەکەی جاران".

ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی پێنجشەممە 1/2/2018، لە مەراسیمی ساڵڕۆژی کارەساتەکەی 1ی شوبات کە لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو، تاجە گوڵیەی کۆسرەت ڕەسوڵ وەک سکرتێری گشتیی یەکێتی لەسەر مۆنۆمێنتی شەهیدانی 1ی شوبات دانرا.











باسنیوز
Top